لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە کۆنیا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای کۆنیای تورکیا ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشا بە ژمارەیەک هاووڵاتیدا، کە لە وێستگەیەکی پاس راوەستابوون، بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 19ی ئاداری 2024 لەسەر رێگەی کۆنیا - کارامان روویدا.
 
تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە؛ پێنج بریندارەکە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکانی شارەکە گواسترانەوە و تەرمی چوار کەسەکەی دیکەش رەوانەی بەشی مردووی نەخۆشخانەی شاری کۆنیا کران.
 
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا کە لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە، لە یەکەم مانگی 2024ـدا لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان لە 44 هەزار و 791 رووداوی هاتووچۆدا 195 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 هەزار و 534 کەس بریندار بوون.