ئاکشەنەر: کوشتنە سیاسییەکان، کارێکی مەردانە بوون
رووداو دیجیتاڵ
بارۆی شرنەخ (سەندیکای پارێزەران) داوای لە مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی دەکات رای گشتی لە "کوشتنی سیاسی" ئاگادار بکاتەوە کە لە گوتارێکدا لە شاری سێواز ـی باکووری کوردستان بە کارێكی "مەردانە" وەسفی کردبوو.
بارۆی شرنەخ لە هەژماری سۆشیاڵ میدیای خۆیدا سەرکۆنەی قسەکانی مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی کرد و رایگەیاند، "کوشتنی سیاسی" بە ئەنقەست نەکراوە.
بارۆی شرنەخ لە پۆستەکەیدا دەڵێت، "هۆکاری بوونی دەوڵەت پێش هەموو شتێک سەلامەتی ژیانی خەڵکە. قسەکانی ئاکشەنەر سەبارەت بە کوشتنی سیاسی سەرکۆنە دەکەین. پێویستە ئاکشەنەر کۆمەڵگە لەو کوشتارە سیاسییانە ئاگادار بکاتەوە."
ئاکشەنەر رۆژی پێنجشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2024 لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە پارێزگای سێواز، بەربژێرانی پارتەکەی خۆی ناساند و لەسەر پرسی کوژرانی سینان ئاتەش قسەی کرد و گوتی: "لە رابردوودا ئێمە گەواهیدەری کوشتنی سیاسی بووین، بەڵام مەردانە بوو، هەر بۆیە هیچ کامێک لە ئێمە نەترساین."
لە ساڵانی نەوەدەکاندا کاتێك مەراڵ ئاکشەنەر، وەزیری ناوخۆی تورکیا بوو، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی کورد لە باکووری کوردستان کوژران، کە لە فەرهەنگی سیاسیدا بە "کوشتنی بکەر نادیار" ناوی دەهێندرێت. ئاکشەنەر بەم قسەیەی رۆژی پێنجشەممە لە سێواز کردی رەوایی دا بەو کوشتارانە.
لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی رابردوو "ژیتەم" کە پێكهاتەیەكی نهێنیی دەوڵەت بوو، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا، دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنی هەبوو و سەتان تاوانی كوشتنی لە دژی سیاسەتڤانان، بەرپرسانی حكومی و حیزبی، سەرمایەداران، ئەفسەرانی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكان، بەرپرسانی پەكەكە و كەسایەتییەكانی كورد کردووە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكپارتیدا 18 گومانلێكراو بە تۆمەتی تاوانی بکەر نادیار دەستگیركران، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵگەی پێویست و بەرجەستەكراو لە دژی گومانلێكراوەكان نەبوو، یەكەمین دادگەی سزا قورسەكانی ئەنقەرە بڕیاری بێتاوانبوونیانی دەركرد و ئازادكران.
لە 23ـی ئایاری 2021، فەرمانگەی سزا قورسەكانی دادگەی هەرێمیی لە توركیا، بڕیاری دادگەی سزا قورسەكانی ئەنقەرەی لەبارەی بێتاوانناساندنی ئەو 18 کەسە هەڵوەشاندەوە. لەو چوارچێوەیەدا هەریەک لە محەممەد ئاغار، وەزیری پێشووتری ناوخۆی توركیا و كۆركوت ئەرەن، سەرۆكی فەرمانگەی تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی دەزگای هەواڵگری و چەندین فەرماندەی سەربازی و كەسانی دەستڕۆیشتوو دادگایی دەكرێنەوە.