سەرجەم تۆمەتبارانی دۆسیەی هێرشکردنە سەر بنەماڵەی شنیاشار ئازاد دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری مەڵەتیی باکووری کوردستان هەشتەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی هێرشکردنە سەر خێزانی شەنیاشار بەڕێوەچوو. لەو دۆسیەیەدا کە لە هەردوولا 30 کەس دادگایی دەکرێن و چوار کەسیان لە زیندانن، دادگەی مەڵەتی بڕیاری دا سەرجەم تۆمەتبارانی دۆسیەی هێرشکردنە سەر بنەماڵەی شنیاشار ئازاد بکرێن.
 
دانیشتنەکەی دادگە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 18ـی تشرینی یەکەم لە سێیەمین دادگەی سزا قورسەکانی مەڵەتی دەستیپێکرد. فازڵ شەنیاشار کە لە هێرشەکەدا باوکی و دوو برای کوژران لە زیندانی ئامەد لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری دانیشتنەکە بوو. سێ زیندانییەکەی دیکەش بە ناوەکانی ئەنوەر یڵدز، میکائیل شیمشەک و جەلال یڵدز لە زیندان بەهەمان شێوە لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری دانیشتنەکەیان کرد.
 
ئەمینە شەنیاشار کە لە هێرشەکەدا هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لەدەستدا، بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە لە دادگە ئامادە نەبوو. لە دانیشتنەکەدا پارێزەرانی بنەماڵەی شەنیاشار ئامادە بوون.
 
لە دانیشتنەکەدا داواکاری گشتی بۆچوونی خۆی راگەیاند و داوای ئازادکردنی سەرجەم تۆمەتباران و لێکۆڵینەوەی فراوانتری داواکاری گشتیی کرد.
 
پارێزەرانی بنەماڵەی شەنیاشار لە دانیشتنەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، داواکاری ئازادکردن گونجاوە و داوای ئازادکردنی فازل شەنیاشاریان کرد. پارێزەرانی تۆمەتبارانی دیکەش هەمان داواکارییان پێشکەش بە دادگە کرد. 
 
دوای ناوبڕێک دادگە بڕیاری دا سەرجەم تۆمەتبارەکان ئازاد بکرێن و بڕیاری دا "دەستبەسەرکردنی ماڵەوە" بۆ تۆمەتباران جێبەجێ بکرێت. دانیشتنی داهاتوو لەبارەی ئەو دۆسیەیە رۆژی 21ـی شوباتی 2025 بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژ 14ی حوزەیرانی 2018 کاتێک ئیبراهیم خەلیل یڵدز، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە شارۆچکەی سرووچ سەر بە پارێزگای رووها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی 24ی حوزەیرانی 2018 سەردانی دووکاندارانی کرد، لە دووکانی خێزانی شەنیاشاردا شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان کەسوکاری ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی و ئەندامانی خێزانی شەنیاشار روویدا.
 
برای ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانی ئەسوەد شەنیاشار لە شەڕەکەی نێو دووکانی خێزانی شەنیاشاردا کوژران. 
 
دواتر کاتێک ئەمینە شەنیاشار و ئەسوەد شەنیاشار بۆ بینی کوڕە بریندارەکەیان چوونە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە روها، کەسوکاری ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی بە چەک هەڵیانکوتەسەر نەخۆشخانەکە. ئەسوەد شەنیاشار و عادل شەنیاشاری کوڕی لە نێو نەخۆشخانەکەدا کوژران. 
 
لە رووداوەکانی ئەو رۆژەدا 4 کەس کوژران و 8 کەسیش لە هەردوولا بریندار بوون. سێ لە کوژراوەکان لە خێزانی شەنیاشارن. 
 
ئەمینە شەنیاشار دەڵێت، کەسوکاری ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی هەردوو کوڕەکەی و هاوژینەکەیان کوشتووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر نەخۆشخانەوە بەڵگەکانیان لەناوبردووە و تۆمارەکانی کامێرای چاودێرییان سڕیوەتەوە. 
 
ئەمینە شەنیاشار، لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە لە هێرشەکەدا رزگاری بوو، زیاتر لە پێنج ساڵە داوای ئازادکردنی فازل شەنیاشاری کوڕی دەکرد، کە لە رووداوەکەدا بریندار بوو و لە رۆژی 17ی حوزەیرانی 2018 دەستبەسەرکرا.