لە ئیستەنبووڵ 2.5 ملیۆن کەسی بیانی دەژین
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سکرتێری گشتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەڵێت، نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسی بیانی لە ئیستەنبووڵ دەژین.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، 255 هەزار و 985 هاوبەشی ئاوی بیانی (هاوبەشی ئاوی ماڵان) لە ئیستەنبووڵ هەن.
بوگرا گۆکچە، جێگری سکرتێری گشتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، "بەپێی ئامارەکان، نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسی بیانی لە ئیستەنبووڵ دەژین. لە ماوەی هەشت ساڵدا هاوبەشانی بیانی لە کۆمپانیای ئاو 10 هێندە زیادیان کردووە. ئەگەر بیانییەکانی ئیستەنبووڵ تەنیا لە یەک شاردا بژیابان، ئەوا ئیستەنبووڵ دەبوو بە نۆیەمین گەورە شاری ئەورووپا. لە ناوەندی شاری پاریس 2.1 ملیۆن کەس، لە ڤیەننا 1.9 ملیۆن کەس و لە بەرشەلۆنە 1.6 ملیۆن کەس دەژین."
گۆکچە داوا دەکات فرۆشتنی خانوو بە بیانییەکان قەدەخە بکرێت و دەڵێت، "لە ئیستەنبووڵ لانیکەم لە هەر خانوویەکدا بە تێکڕا 3.3 کەس دەژین، بەڵام لە خانووی بیانییەکان ئەم ژمارەیە لە 8 - 10 کەس تێدەپەڕێت، چونکە چەند خێزانێک پێکەوە دەژین. جگە لە کۆچبەران و ئەو کەسانەی وڵاتینامەیان وەرگرتووە و ئەو کەسانەش کە مافی کارکردنیان پێدراوە، ژمارەی دانیشتووانی بیانی لە ئیستەنبووڵ گەیشتووەتە 16%. هەم لەبەر نەبوونی خانوو و هەم بۆ داهاتووی شارەکەمان، پێویستە فرۆشتنی خانوو بە بیانییەکان قەدەخە بکرێت."