کڵچدارئۆغڵو و ئیمامئۆغڵو پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی هەدەپەیان کرد

رووداو دیجیتاڵ

هەریەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ، بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزرانیەوە پیرۆزباییان لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد. پیرۆزباییەکان لە رێگەی پەیامەوە بوون و بە شێوەی جیاجیا ئاراستەی پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، هاوسەرۆکانی هەدەپە کراون. 
 
کڵچدارئۆغڵو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە،"لەم رۆژانەدا کە تاوەکو دێت زیاتر بیری دادپەروەری دەکەین، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لەو هەوڵانەتان کە سوود بە دیموکراسیەتی وڵات دەگەیێنن و هەشتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندتان لێ پیرۆز دەکەم. رێز و سڵاوی خۆم ئاراستەی بەرپرسان و ئەندامانی پارتەکەتان و تەواوی میوانان دەکەم."
  
 ئەوە لە کاتێکدایە کڵچدارئۆغڵو لەلایەن هەدەپەوە بانگهێشتکرابوو بۆ ئەوەی بەشداری لە ساڵیادەکەدا بکات. 
 
هەروەها ئیمامئۆغڵو نووسیویەتی، "بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی گەلانەوە لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و تەواوی ئەو لایەنگرانەتان دەکەم کە دڵی خۆیان داوەتە هەدەپە."
 
ئیمامئۆغڵو کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵدا بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) بوو، بە هۆی پشتیوانیی هەدەپە سەرکەوتنی بەسەر بینالی یڵدرم، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) بەدەستهێنا.
 
سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ لە بەشێکی پەیامەکەیدا بۆ هەدەپە ئاماژەی بەوە داوە، "لەو رێگەیەی لە پێناوی ئیستەنبووڵێکی دادپەروەرتر و یەکسانتر لە پێشوو گرتوومانەتە بەر، جارێکی دیکە سوپاسگوزاریی خۆم ئاراستەی تەواوی ئەو لایەنگرانەتان دەکەم کە ویستێکی دیموکراسییانەیان هەبوو و بەرەنگاری نادادپەروەری و ناهەقی بوونەوە. بەم بۆنەیەوە جەخت لەوە دەکەمەوە کە هەرگیز دەست لە فراوانکردنی ئاشتەوایی و گەورەکردنی برایەتیمان هەڵناگرین."
 
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 15ی تشرینی یەکەمی 2012 دامەزراوە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا 5 ملیۆن و 866 هەزار و 309 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی 11.7%ـی رێژەی دەنگدەرانی تورکیا بوو. هەدەپە ئەو کاتە 67 کورسیی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانیی تورکیا بەدەستهێنا.