293 کەس لە تورکیا بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی هۆشبەر دەستبەسەر کران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە 44 پارێزگا بەڕێوەچوو، 293 کەس دەستبەسەر کران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئەیلوول لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بڵاوکردەوە کە بۆ سەر بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر ئەنجامدراوە.
بە گوتەی یەرلیکایا، لە 44 پارێزگا لەنێویاندا ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئانتاڵیا و ئیزمیری تورکیا و ئامەد، دیلۆک، مەڵەتی، رووها، مەڕەش، شرنەخ، مووش، خارپێت، سەمسوور و ئەرزینگانی باکووری کوردستان، بە بەشداریی 681 تیم و 1876 ئەندامی هێزی ئەمنی و 9 هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 26 سەگ، ئۆپەراسیۆنەکە بەڕێوەچووە و 293 تۆمەتبار دەستبەسەر کراون.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 470 کیلۆ مادەی هۆشبەر و چوار ملیۆن و 945 هەزار و 832 حەبی هۆشبەردا گرتووە.