دوو بوومەلەرزە لە تورکیا روویاندا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو بوومەلەرزە لە پارێزگاکانی مەڵەتی و سەمسووری باکووری کوردستان بە گوڕی 4 و 4.4 پلە بە پێوەری رێختەر روویاندا.
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر 01:38 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئەیلوول، بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی شیرۆ سەر بە پارێزگای مەڵەتی بە گوڕی 4.4 پلەی رێختەر روویدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 9.58 کیلۆمەتر تۆمار کراوە.
 
ئافاد ئاماژە بەوە دەکات، لە کاژێر 03:22 خولەکیش بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای سەمسوور بە گوڕی 4.0 پلەی رێختەر روویدا؛ شارۆچکەی چەلیکهان چەقی بوومەلەرزەکە بووە و لە قووڵایی حەوت کیلۆمەتر تۆمار کراوە.
 
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی بوومەلەرزەکان بڵاونەکراوەتەوە. 
 
لە شەشی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویاندا؛ بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.
 
 بوومەلەرزەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 
لە دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە زیاتر لە 20 هەزار بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە باکووری کورستان و تورکیا تۆمارکراون کە گەورەترینیان بەگوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای تورکیا بووە.