ئەو راپۆرتەی پەرلەمانی ئەوروپا کە تورکیای توڕەکرد چۆن باسی کورد دەکات؟


رووداو دیجیتاڵ

ئەو راپۆرتەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا کە هەفتەی رابردوو سەرۆککۆماری تورکیای توڕەکرد، باس لەوە دەکات کە حکومەتی ئەنقەرە پێشێلکاری و جیاکاری لە دژی ماف و ئازادییەکانی کورد کردووە، لەوانەش: لە رێگەی کارلادانی بەرپرسانی کورد، سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی چالاکڤان و سیاسەتڤانانی کورد و کۆتوبەندکردنی زمانی کوردی لە پڕۆسەی پەروەردەدا. راپۆرتەکە هەروەها داوا لە حکومەتە نوێیەکەی تورکیا دەکات رێچکەی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بگرێتەبەر. 
 
راپۆرتەکە هەفتەی رابردوو لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپی لە ستراسبۆرگ خرایەڕوو کە تێیدا باس لەوە کراوە، پێویستە گفتوگۆی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بوەستێنرێت، چونکە ئەو وڵاتە مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسای پێشێلکردووە. 
 
لەبارەی کورد، ژمارەیەک خاڵ باسکراون، ئەمانە کورتکراوەکەیانن: 
 
- "ماوەیەکی درێژ بەر لە هەڵبژاردنی گشتیی ئایاری ئەمساڵی تورکیا، حکومەت دەسەڵاتی خۆی بەسەر دامودەزگە و دامەزراوەکاندا بەکارهێنا بۆ لەکارلادانی بەرپرسانی هەڵبژێردراو لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن لاواز بکات". 
 
- "پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بە دیاریکراوی نیگەرانە لە سەرکوتکردنی رۆژنامەڤان، پارێزەر و هونەرمەندانی کورد لەوانەش دەستگیرکردنی بەکۆمەڵیان پێش هەڵبژاردنەکان، هەروەها دۆسیەی بەردەوامی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)."
 
-"پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا زۆر نیگەرانە لە بارەی ئەو شتەی کە بە پرسی کورد ناودەبرێت و جەختیش لەسەر پێویستی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەیەکی سیاسیی راستگۆیانە دەکاتەوە بە جۆرێک کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە دیموکراتەکان تێیدا بەشدار بن لە پێناو چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ئەو پرسە. پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە حکومەتی نوێی تورکیا دەکات لە رێگەی پەرەدان بە گفتوگۆ و ئاشتەوایی، بەو ئاراستەیدا هەنگاو بنێت."
 
- "پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، هەست بە مەترسی دەکات لەبەر ئەو سەرکوتکردنە تووندەی دژی خەڵکی کورد دەکرێت و تاوەکو دێت خراپتر دەبێت، بە تایبەتی لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، لەنێویاندا بەرتەسککردنەوەی زیاتری مافە کولتوورییەکان و دانانی کۆتوبەندی یاسایی لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی لە خوێندندا."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا شەممەی رابردوو بە تووندی رەخنەی لە راپۆرتەکە گرت و هەڕەشەی کرد کە وڵاتەکەی "رێگەی خۆی لە یەکێتیی ئەوروپا جیادەکاتەوە". 
 
ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانانی گوت، "یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدات لە تورکیا جیابێتەوە."
 
ناچۆ سانچێز ئامۆر، پەرلەمانتاری ئیسپانی و سەرپەرشتیکاری راپۆرتەکە بە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپای گوتبوو: "بەم دواییانە بینیومانە کە حکومەتی تورکیا دووبارە دەخوازێت پڕۆسەی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا کارابکرێتەوە. بەڵام ئەمە بەهۆی مامەڵەکردن بە جیۆسیاسەتەوە روونادات، بەڵکو تەنیا ئەو کاتە روودەدات کە دەسەڵاتدارانی تورکیا حەزی راستەقینە پێشانبدەن لە وەستاندنی پاشەکشەی بەردەوامی ئازادییەکان و سەروەریی یاسا لە وڵاتەکە."
 
پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 و تووندبوونی سیاسەتەکانی ئەردۆغانەوە، تێکچوون. 
 
پەیوەندییەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا ماوەی چەندین ساڵە چەقیان بەستووە، بەڵام وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە مانگی تەممووزی ئەمساڵ، رازیبوون کە هەنگاوی بۆ بنێن.