وەزیری تەندروستیی تورکیا رەتیدەکاتەوە تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتەکەیدا تۆمارکرابێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی تورکیا رەتیدەکاتەوە هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتەکەیدا تۆمارکرابێت و دەڵێ، ئەوانەی ڤاکسینی سورێژەیان وەرگرتووە، 85٪ لەم نەخۆشییە پارێزراو دەبن.
کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا شەوی رابردوو لە بەرنامەیەک بەشدار بوو و باسی هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە تەندروستی لە باکووری کوردستان و تورکیای کرد.
مەمیشئۆغڵو رایگەیاند، هیچ تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون لە تورکیادا تۆمارنەکراوە. گوتیشی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تەمموزی 2022ـدا دۆخێکی نائاسایی سەبارەت بە ئاوڵەی مەیموون راگەیاند، ئەو دۆخە تاوەکو ساڵی 2023 بەردەوام بوو و لەو ماوەیەدا هەندێک تووشبوو لە ئەورووپا و تورکیاش تۆمارکران.
وەزیری تەندروستیی تورکیا گوتیشی "دەستمان بە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە کردووە. لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا سەرکەوتوو بووین و ئێستاش بە بەکارهێنانی سیستمی تەندروستی و هێزی مرۆیی خۆمان بۆ هەر دۆخێک ئامادەین."
مەمیشئۆغڵو رایگەیاند، ئەو کەسانەی ڤاکسینی سوورێژەیان وەرگرتووە 85٪ لەم نەخۆشییە پارێزراو دەبن.
لە ئابی ساڵی 2022ـدا فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی ئەو کاتی تورکیا رایگەیاند، 5 تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە تورکیادا تۆمارکراون.
نەخۆشییەکە لە بنچینەوە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و رێگەکانی گواستنەوەی لەنێوان مرۆڤیشدا بریتین لە ماچکردن و سێکسکردن لەگەڵ تووشبوو و بەکارهێنانی جلوبەرگەکەی.