وەزیری ناوخۆی تورکیا: 4159 هاووڵاتیمان بۆ شوێنی سەلامەت گواستووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئاگری دارستان لە چەند پارێزگایەکی تورکیا بەردەوامە و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، 4159 هاووڵاتییان بۆ شوێنە سەلامەتەکان گواستووەتەوە.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پارێزگای ئوشاک لەبارەی ئاگری دارستانەکانی تورکیا بۆ میدیاکاران قسەی کرد.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، لایەنی پەیوەندیدار سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان و تاوەکو ئێستا لە ئیزمیر 10 کەس بە تۆمەتی کەوتنەوەی ئاگر لەو پارێزگایە و 2 کەس لە پارێزگای بۆڵو دەستگیرکراون. 
 
عەلی یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. بۆ نموونە، دادگە بڕیاریداوە 3 کەس لەوانەی لە سنووری شاری تیرە لە پارێزگای ئیزمیر دەستبەسەرکرابوون، بخرێنە زیندانەوە. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتیشی، حکومەت هاوکاریی گەیاندووەتە ئەو پارێزگایانەی لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر زیانیان بەرکەوتووە و رایگەیاند، "لە قۆناخی یەکەمدا بڕی 13 ملیۆن و 500 هەزار لیرە (401 هەزار و 383 دۆلار)ـمان خستە سەر هەژماری پارێزگا پەیوەندیدارەکان و ئافاد، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاووڵاتییانەی بۆ شوێنە سەلامەتەکان گوێزراونەتەوە."   
 
ئێستا لە چەند پارێزگایەکی تورکیا ئاگر لە دارستانەکان هەیە. دیارترینیان ئەو ئاگرەیە کە لە رۆژی پێنجشەممە 15-8-2024ـەوە لە پارێزگای ئیزمیر کەوتووەتەوە.