لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی؛ یەک دۆلار 27.23 لیرەیە
رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا بەرامبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە بەردەوامە، ئێستا دۆلارێک بە 27.23 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تەممووزی 2023، بەر لە کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، دۆلارێکی ئەمریکی بە 26.35 لیرە مامەڵەی پێوە کرا؛ دواتر لیرە زیاتر دابەزی و نرخی یەک دۆلار بووە 27.23 لیرە. هاوکات یەک یۆرۆ بە 30.36 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لیرەی تورکی 30%ی بەهای لەدەستداوە.
ئەم هەفتەیە چاوەکان لەسەر بانکی ناوەندیی تورکیا دەبن، کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 20ی تەممووز بڕیار لەسەر سوودی بانکی بدات و پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن سوودی بانکی بەرز بکاتەوە.
بەگوێرەی راپرسیی ئاژانسێكی بەریتانی، چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سووی بانکی بۆ 20% بەرز بکاتەوە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکیی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50% زیادکرد و گەیاندیە 15%، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان. لە ماوەی یەک مانگدا و لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەوە لیرەی تورکی نزیکەی 30%ی بەهای لەدەستداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکیی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شووباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکیی لە 9% بۆ 8.5% کەمکردبووەوە.