پەرلەمانتارێكی ئاکپارتی بۆ رووداو: دەم پارتی لە سایەی ئێمە تابلۆی کوردی هەڵدەواسێت
رووداو دیجیتاڵ
پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی کار بۆ گۆڕینی دەستووری 100 ساڵەی تورکیا دەکات. پەرلەمانتارێكی کوردی ئەو پارتە دەڵێت، لە سایەی پارتەکەیانەوە، ئەمڕۆ دەم پارتی دەتوانێت باس لە هەڵواسینی تابلۆی کوردی بکات و داشکاندنی باج تەنیا بۆ تابلۆی کوردی بە "جیاکاری و هاندان" پێناسە دەکات.
بەپێی دەستووری کۆماری تورکیا کە بناخەکەی لە ساڵی 1924 دانراوە، هەموو هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە تورک و تورکی زمانە.
عەزمی ئەکینجی، پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵی ئاکپارتی، هەنگاوەکانی پارتەکەی لە پرسی کورد و کوردی بە "شۆڕشگێڕانە" ناو دەبات و پێیوایە ئەو رێسایانە نەبووایە کە ئاکپارتی دایڕشتوون، دەم پارتی نەیدەتوانی باسی هەڵواسینی تابلۆی کوردی بکات.
گەورەشارەوانیی ئامەد داشکاندنی باج بۆ ئەو شوێنانە دەکات تابلۆکانیان دەکەنە کوردی.
"بەکارنەهێنانی هەمان داشکان بۆ تابلۆی تورکی جیاکارییە،" ئەمە کاردانەوەی پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتییە لە وەڵامیدا بۆ پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو. پێیوایە دەم پارتی بەو بڕیارە لەسەر بنەمای "زمان و ئیتنیک" خەڵکی هان دەدات.
لە مێژووی کۆماری تورکیادا، ئاکپارتی تاکە پارتی دەسەڵات بووە کۆسپی زۆری لەبەردەم زمانی کوردی لەو وڵاتە لابردووە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەرمی "تەرەتە کوردی" کردووەتەوە و لە قوتابخانەکاندا کوردی وەک وانەی بژاردە دەخوێندرێ. لە چەند زانکۆیەکدا بەشی کوردۆلۆژی کراوەتەوە و لە دادگاکاندا وەرگێڕی کوردی بۆ تورکی نەزانەکان دەستبەر دەکرێت.
سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە 82 شارەوانییان بردووەتەوە، بە رووداوی گوت: "کار بۆ لابردنی قەدەخەی زمانی کوردی لە دامەزراوە فەرمییەکان دەکەین. ناوی کوردیش بۆ شەقام و کۆڵانەکان دەگەڕێنینەوە."
لابردنی قەدەخەی سەر زمانی کوردی لە سیستمی پەروەردە و ناوەندە فەرمییەکاندا، پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دەستوور هەیە.
"چەند وشەیەکی کوردی لە پەرلەمان بەکاردەهێنن، بەڵام چارەسەرێكی مەعقولیان پێشکەش نەکردووە" ئەمە رەخنەی عەزمی ئەکینجیـیە لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی کە زۆرینەی دەنگدەرانی کوردن.
ئەو پێیوایە دەستووری نوێ قۆناخێک دەستپێدەکات کە ناسیۆنالیزمە نەتەوەیی، ناوچەیی، ئایینی و تائیفیەکان کە وەک "هێڵی سوور" لە بنەماکانی ئاکپارتی دیاریکراون، لەناوببرێن و بنەمایەکی دەستوورییان پێدەدرێت. بەمەش نەک هەر پرسی کورد، بەڵکو هەموو کەموکوڕییەکانی سەدەی رابردوو چارەسەر دەکرێ."
دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەوڵی زۆرتر بۆ بایەخدان بە زمانی کوردی دەدرێت. بە گوتەی محەممەد سەعید تەمەل، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەحمەدی خانی، لە هەمواری دەستووردا کە لە کارنامەی ئاکپارتی دایە گۆڕانکاری لە پرسی زماندا ناکرێت".
لە دامهزراندنی کۆماری توکیاوە لە ساڵی 1923 حەوت گشتپرسی بۆ گۆڕین و ههموارکردنهوهی دهستور کراوە. یەکەم گشتپرسی لە ساڵی 1961 کرا. دوایین گشتپرسی ساڵی 2017 بوو و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا.