لە ئیزمیر 331 کۆچبەر و 20 قاچاخچی دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە دەریای ئیجە لە سنووری پارێزگای ئیزمیری تورکیا، 331 کۆچبەر و دوو هاووڵاتیی تورکیا دەستبەسەرکران کە دەیانویست بە قاچاخ بچنە ئەوروپا، هەروەها 20 کەس بە تۆمەتی قاچاخیکردن بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەرکران.
بەپێی راگەیێندراوی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا، رۆژی دووشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە سنووری شارۆچکەی چەشمە لە دەریای ئیجە، لە بەلەمێکی ماسیگرتندا کە بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆیشت، 260 کۆچبەر و دوو هاووڵاتی تورکیا دەستبەسەرکران.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگەکە، 20 کەس بە تۆمەتی "بازرگانیکردن بە مرۆڤ" دەستبەسەرکراون.
لەلایەکی دیکەوە هەر لە پارێزگای ئیزمیر لە سنووری شارۆچکەکانی چەشمە و قەرەبوروون لە دەریای ئیجە، 71 کۆچبەر دەستبەسەرکران کە دەیانویست بە دوو بەلەمی جیاواز بۆ یۆنان بپەڕنەوە.
ئەو 331 کۆچبەرەی رۆژی دووشەممە دەستبەسەرکران، دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان رەوانەی فەرمانگەی کۆچی پارێزگای ئیزمیر کراون.