کچەکەی ئیبراهیم تاتڵیسەس بەهۆی دەمەقاڵێ لەگەڵ کارمەندێکی نێو فڕۆکە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

گۆرانیبێژ دیلان چتاک دۆرتەر کە کچی ئیبراهیم تاتڵیسەسە، هێرشی کردە سەر کارمەندێکی ستافی فڕۆکەوانی و بەو هۆیەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
 
رووداوەکە لە گەشتێکی ئاسمانیی نێوان بۆدرووم و ئیستەنبووڵ روویدا.
 
بە گوێرەی ئەو دیمەنەی بڵاوکراوەتەوە کە پێدەچێت یەکێک لە کارمەندانی ستافی تیمی فڕۆکەوانیی تورکیش ئێیەرلاینز تۆماری کردبێت، دیلان بە تووڕەییەوە قسە لەگەڵ یەکێک لە کارمەندەکان دەکات.
 
کارمەندەکەش وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت، "تەنیا یاسا و رێساکانم بیر خستوویتەوە".
 
لە بەرامبەردا دیلان بە کارمەندەکە دەڵێت، "درۆ دەکەیت؛ هیچ رێسایەکت بیرنەخستمەوە. تاوانت کردووە، چونکە درۆ دەکەیت".
 
دیلان دواتر هێرش دەکاتە سەر کارمەندەکە و دەیەوێت لێی بدات، بەڵام دووری دەخەنەوە.
 
کێشەکە لەسەر ئەوە دروستبووە کە کارمەندەکە بە دیلان چتاکی گوتووە، پشیلەکەی بخاتە نێو جانتای تایبەت بە گیانەوەرە ماڵییەکان، بەڵام دیلان ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە. لەوەوە دەمەقاڵێ دروستبووە.
 
کارمەندەکە سکاڵای لەسەر دیلان چتاک تۆمارکرد و دوای ئەوەی فڕۆکەکە نیشتەوە، پۆلیس لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ دیلانیان وەستاند.
 
دیلان دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، پێی راگەیێندرا کە پێویستە لە کاتی دیاریکراودا لە دادگە ئامادە بێت.