سەرۆکی پارتێکی تورکیا: هاوپەیمانی لە نێوان ئۆجەلان و ئەردۆغاندا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات - DP باس لە بوونی هاوپەیمانی لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەکات.
گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات - DP کە یەکێک لەو شەش پارتەیە ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکن بۆ رکابەریکردنی ئاکپارتی و مەهەپە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "ئەگەر لە تورکیادا کەسێک بیەوێت قسە لەسەر بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە بکات، ئەوا هاوپەیمانیی ئۆجەلان و ئەردۆغان هەیە."
گولتەکین ئویساڵ باسی لەوە کرد، ئاکپارتی خەریکی هەڵبەستی تۆمەتن بە شەش پارتەکە و رایگەیاند: ئەردۆغان لەبەرئەوەی شتێک نەماوە بیڵێت، رێنمایی بە بەرپرسانی پارتەکەی دەدات تا بۆیان دەکرێت پڕوپاگەندە بکەن و تۆمەت ببەخشنەوە.
لەو بارەیەوە، محەممەد کاراکش، سەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە پارێزگای ئەدەنە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەبەست لەم جۆرە قسانە، دروستکردنی پشێوییە و ئێمە گرنگی بە بابەتی وەها نادەین."
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە تێکچوون و هەڵوەشانەوەی گفتوگۆی شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن، ئویساڵ گوتی: "پێویستە ئەمە بزانرێت کە لێکترازان لە مێزی دیالۆگی شەش پارتەکەدا روونادات. هەدەپەش رێگەی خۆی دیاریکردووە و سێیەمین هاوپەیمانی دروستدەکات."
هەروەها سەبارەت بە پێدانی وەزارەت بە هەدەپە لە ئەگەری دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە ماوەیەکە لە تورکیادا رۆژەڤە و قسەی لەسەر دەکرێت، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات - DP رایگەیاند: "ئەوانەی سەر لە سیاسەت دەردەکەن دەزانن، دەکرێت (دەبێت و نابێت) لە یەکدی جیا بکرێنەوە. پارتی داد و گەشەپێدان پێشتر لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا دوو وەزارەتی دایە هەدەپە. هەمووتان باش لەبیرتانە."
لە هەڵبژاردنەکەی حوزەیرانی 2015ـدا پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە 13.12٪ی دەنگەکانی تورکیای بردەوە و 80 کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا. ئاکپارتی 40.87٪ی دەنگەکانی بردبووەوە کە بە تەنیا نەیدەتوانی حکومەت پێکبهینێت، بەڵام لەگەڵ هەدەپە دەیتوانی حکومەتێکی کوالیسیۆنی یانیش بە رێککەوتن پێکبهێنێت.
ئەوکاتە حکومەتیکی کاتی پێکهێنرا تەنیا تاوەکو هەڵبژاردنی پێشوەخت ناوی هەبوو. لەو حکومەتەدا دوو وەزارەت درایە هەدەپە. موسلوم دۆغان کرایەوە وەزیری گەشەپێدان و عەلی حەیدەر کۆنجا کرایە وەزیری کاروباری یەکێتیی ئەوروپا لە حکومەتی تورکیادا.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە؛ مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی؛ تەمەل کارامۆڵائۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی سەعادەت؛ گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکرات؛ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن لە کۆبوونەوەی بەردەوامدان و تائێستا بە فەرمی شەش کۆبوونەوەیان کردووە. ئامانجی ئەوان رکابەریکردنی بلۆکی دەسەڵاتە کە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکدێت. ئەمەش جێی سەرنجە کە ئەو شەش پارتە بانگهێشتی هەدەپەیان نەکردووە.