وەزیری بەرگریی تورکیا: پەکەکە توانای جووڵەی نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لە ڤیدیۆکۆنفرانسێکدا باسی لە ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد. یاشار گولەر دەڵێت، پەکەکە کەوتووەتە دۆخێکەوە ناتوانێت جووڵە بکات.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا 16-7-2024 گوتی "چاومان لە خاک و سەروەریی هیچ وڵاتێک نییە. بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەیە کە ئارامی و خۆشگوزەرانیی ناوچەکەیان تێکداوە. هەڵوێستی ئەو کاتمان بەردەوامە کە داعش هەوڵی داگیرکردنی خاکی عێراقی دەدا. رێزی تەواومان بۆ یەکێتیی خاکی عێراق هەیە."
پەرپرسانی پەکەکە رەتیدەکەنەوە لاواز بووبن و دەڵێن، رێگەیان بە پێشڕەویی سوپای تورکیا لە سنووری پارێزگای دهۆک نەداوە.
ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەکاتێکدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی حکومەتەکەی، رەخنەی لە ئەمریکا و هاوپەیمانان گرت بەوەی چەک بە هەسەدە و پەکەکە دەدەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 16-7-2024 رایگەیاند "ئەو چەکانەی بە هەزار و یەک نازەوە بە وڵاتەکەمان دەدرێت، سەیردەکەیت لە پەناگەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز دەردەچێت. باسی ئەو هەزاران بارهەڵگرە پڕ لە چەک و کەرەستەیەش ناکەم کە لەنێو بەرگی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ باڵی سووریای پەکەکە دەنێردرێت."
تورکیا رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە هەرێمی کوردستاندا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چنگ/قوفڵ لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستپێکرد.
لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ شەڕ و پێکدادانی نێوان سەربازان و گەریلا درێژەی هەیە.