ئەحمەد تورک: گوشارەکانی دەسەڵات بەهۆی کوردبوونمانەوەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی سێیەمی رێکخستنەکانی لقی پارێزگای مووشی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی مێردین گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "گوشارە بەردەوامەکانی دەسەڵات تەنیا بەهۆی کوردبوونمانەوەیە".
 
ئەحمەد تورک رایگەیاند، "سیاسەتکردن بۆ کورد پیرۆزە؛ نەخۆشی و بەساڵاچوون نازانێت. کورد دەبێت تاوەکو دوا هەناسەی سیاسەت بکات و درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدات. هەروەها نابێت لە بەرامبەر هەر گوشارێکدا سڵ بکەینەوە".
 
هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی مێردین رووی قسەکانی کردە بەرپرسانی تورکیا و رایگەیاند، با دەسەڵات گوێ لەم قسانەم بگرێت و بزانێت کە ئیدی لە قۆناخی کۆتایی دەسەڵاتیاندا دەژین و بە نەژادپەرستی و رەگەزپەرستی ناتوانن درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتەکەیان بدەن.
 
ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوەش کرد "دەسەڵات گوشار ناخاتە سەر پارتەکەمان (هەدەپە)، بەڵکو گوشارەکانی دەسەڵات بەهۆی کوردبوونمانەوەیە. ئەوان دژایەتیی کورد دەکەن، نەک ئەو سیاسەت و رێچکەیەی گرتوومانەتەبەر. هەربۆیە پێویست دەکات ریزەکانمان یەکبخەین و نێوماڵی خۆمان تۆکمەتر بکەین و لە هەر کوێیەک کورد هەبێت دەستی بۆ درێژ بکەین و دۆزی رەوای گەلەکەمان زیاتر روون بکەینەوە".
 
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا ئەحمەد تورک وەکو سەرۆکی شارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا، بەڵام لە ساڵی 2016دا بە تۆمەتی "پاڵپشتیکردنی تیرۆر" دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەییوم لە شوێنی دانرا. لە شوباتی ساڵی 2017دا ئازادکرا.
 
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019یشدا ئەحمەد تورک وەکو سەرۆکی شارەوانیی مێردین هەڵبژێردرایەوە، بەڵام لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا و بە "تۆمەتی پاڵپشتیکردنی تیرۆر" لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەییوم لە شوێنی دانرا.