ئەردۆغان لە ژەنەراڵە کودەتاچییەکان خۆشبوو
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە سزای ئەو 14 ژەنەراڵە خۆشبوو، کە بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکەی 1997 سزا درابوون و بەندکرابوون. بڕیارەکە ئەمڕۆ هەینی لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە.
دیارترین ئەو ژەنەراڵانەی ئەردۆغان لێیان خۆشبوو، بریتین لە: فەوزی تورکئەری، یڵدرم تورکەر، ئایدن ئەرۆڵ، جەواد تەمەل ئۆزکایناک، ئەرۆڵ ئۆزکاسناک، چەتین دۆغان و چەڤیک بیر.
ئەو 14 ژەنەراڵە کە خانەنشینکراون، دوای هەوڵی کودەتاکەی 28ـی شوباتی 1997 سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی پەیمانگای پزیشکی دادوەری خستوونیەتەڕوو، هۆکاری لێبوردنەکە ئەوە بووە کە سزادراوان "نەخۆشیی درێژخایەن"ـیان هەبووە و "بە تەمەنیش" بوونە.
چەڤیک بیر، ژەنەراڵی خانەنشینکراوی تەمەن 85 ساڵ، ساڵی 2022 بەهۆی "نەخۆشیی لەبیرچوونەوە" ئازادکرابوو، بە بڕیارەکەی ئەردۆغان، سزاکەی هەڵوەشێندرایەوە.
حوسێن ئەرسۆز، پارێزەری چەتین دۆغان، تەمەن 84 ساڵ رایگەیاند، بڕیارەکەی پزیشکی دادوەریی دۆغان، ساڵێک بوو لەسەر مێزی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بوو.
ژەنەراڵ چەڤیک بیری خانەنشینکراو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە 28ـی شوباتی 1997ـدا جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا بوو، ژەنەراڵ چەتین دۆغانیش ئەوکات سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرکانی گشتی بوو.
لە دۆسیەی 28ـی شوباتدا کە لە دووـی ئەیلوولی 2013ـدا دەستیپێکردووە، 103 ژەنەڕاڵ تۆمەتبارکران بە "بەشداریکردن لە هەوڵدان بۆ رووخاندنی حکومەتی کۆماری تورکیا بە زۆر".
دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە لە مانگی نیسانی 2018ـدا لە کۆی 103 تۆمەتبار سزای زیندانی تاهەتایی بۆ 21 تۆمەتبار دەرکرد. 68 تۆمەتبار بێتاوان دەرچوون. دۆسیەکە هەڵوەشایەوە چونکە 10 تۆمەتبار دۆسیەکەیان بەسەرچووبوو، چوار تۆمەتباریش گیانیان لەدەستدابوو.
تۆمەتباری ژمارە یەک، ئیسماعیل حەقی قەرەدای، سەرۆکی ئەوکاتی ئەرکانی گشتی سوپا بوو، لە 26ـی ئایاری 2020 کۆچی دوایی کرد.