سەرۆکەکانی هاوپەیمانیی میللەت کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەڵبژاردنەکەی 14ی ئایار بۆ یەکەمین جار ئەمڕۆ چوارشەممە 17-05-2023 سەرۆکی پارتەکانی هاوپەیمانیی میللەت کۆدەبنەوە.
 
کۆبوونەوەکە لە بارەگای پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆ دەبێت و باس لە ستراتیجیەتی هاوپەیمانییەکە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێت.
 
هاوپەیمانیی میللەت لە رێگەی شەش سەرۆکی گشتیی پارتەکانی و هەریەک لە سەرۆکشارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە لە پارێزگا جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا بەشدارییان لە هەڵمەتی بانگەشەدا کرد و جەختیان لەوە دەکردەوە کە سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، بەڵام ئەنجامەکان پێچەوانە دەرچوون و هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتیی دەکات، 322 کورسیی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان بردەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە هاوپەیمانیی میللەت 213 کورسیی بردەوە.
 
هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 27 ملیۆن و 88 هەزار و 360 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە 49.5%ی دەنگەکانی باکووری کوردستان و تورکیا؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو 24 ملیۆن و 568 هەزار و 196 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە 44.8%ی دەنگەکان؛ سینان ئۆغان 2 ملیۆن و 829 هەزار و 634 دەنگی بردەوە کە دەکاتە 5.1%ی دەنگەکان و موحەڕەم ئینجەش هەرچەندە بەر لە هەڵبژاردن پاشەکشەی لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری راگەیاندبوو، بەڵام 138 هەزار و 690 دەنگدەر دەنگیان پێدا، کە دەکاتە رێژەی 0.4%ی دەنگەکان.
 
بەگوێرەی چوارەمین بڕگەی یاسای ژمارە 6271ی تورکیا، هیچ یەک لە بەربژێران دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێناوە، لەبەر ئەوە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاریدا رۆژی 28-05-2023 گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان یەکەم و دووەم بەربژێر، کە ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵون، بەڕێوەبچێت.