لە تورکیا 15 دادوەر و داواکاری گشتی دوورخرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا بە بڕیاری دەستەی دادوەران و داواکاری گشتی، 15 دادوەر و داواکاری گشتی بە تۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ گرووپی فەتحوڵڵا گولەن لە پیشەکانیان دوورخرانەوە.
بڕیارەکە ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئایاری 2022 لەلایەن سەرۆكایەتیی دەستەی دادوەر و داواكاری گشتی لە رۆژنامەی فەرمی تورکیا بڵاوكراوەتەوە.
لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو 15 دادوەر و داواکارە گشتییانە لە پیشەکانیان ئاماژە بەوەدراوە، بەهۆی هەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ جەماعەتی قەتحوڵڵا گولەن "گونجاو نییە" لە پیشەکانیاندا بمێننەوە.
حکومەتی تورکیا، گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووزی 2016 تۆمەتباریان دەکات، ئەمە لەکاتێکدایە گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.
لە تورکیا دوای هەوڵی کودەتا سەربازییە شکخستخواردووەکەی 15ی تەممووزی 2016ەوە تاوەکو ئێستا بە هەزاران فەرماندە، سەرباز و قوتابیی قوتابخانە سەربازییەکان و دەیان دادوەر و داواکاری گشتی بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ گولەنییەکان هەیە، خراونەتە زیندانەوە، یان لەسەر کار لادراون و دوورخراونەتەوە.