وەزیری ناوخۆی تورکیا: ئەمریکا دەیەوێت ژن و ژن، پیاو و پیاو هاوسەرگیری بکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، ئەمریکا دەیەوێ پیاوان لەگەڵ پیاوان و ژنانیش لەگەڵ ژناندا ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی مافی مرۆڤ لە تورکیا، باسکرد، کە تێیدا ئاماژەی بە "پێشێلکاری" بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان لەو وڵاتەدا کردبوو.
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئێوارەی رۆژی شەممە 16ی نیسانی 2022 لە بەرنامەیەکی تایبەت بە بەربانگ، کە لە شارۆچکەی گازی عوسمان پاشای ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو گوتارێکی پێشکێش کرد و وەڵامی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە.
 
سۆیلو لەبارەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە هەفتەی رابردوو لە بارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە 2021دا بڵاوی کردەوە، گوتی: "لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، تورکیا لەگەڵ پەکەکە و رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵا گولەن بە تووندی رەفتار دەکات. ئەوان تیرۆریست نین، ئەوان زیندانیی سیاسین. واتا دەڵێ، ئێمە بەهۆکاری سیاسی دەستگیرمان کردوون. ئەمەش بەس نییە، رەخنەی زۆری لە وەزارەتی ناوخۆمان گرتووە، گوایە ئێمە بە تووندی رەفتاریان لەگەڵ دەکەین. ئەمریکا ئەمەی دەوێت، لە هەموو شوێنێکی جیهاندا پیاوان لەگەڵ پیاواندا و ژنانیش لەگەڵ ژناندا هاوسەرگیری بکەن. گوایە لە پەکەکە و رێکخراوی تیرۆری فەتحوڵڵا گولەن نابوورین. لە هاوڕەگەزخوازان نابوورین. تورکیا بووە بە وڵاتێکی ئارام، ئەم ئارامییەی تورکیا ناڕەحەتی کردوون".
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە بارەی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گوتی: "تۆ نەبوویت دوێنێ، ژەنەڕاڵەکەی خۆتت ناردە لای بەناو بەرپرسێكی پەیەدە-پەکەکە بە هەزاران بارهەڵگری چەکەوە؟ ئەوان ئەو چەکانەیان بۆ ئەوە رەوانە نەکرد کە ئارامی تورکیای پێ تیکبدەن؟ تۆ لە رێگەی وەقفەکانی خۆت لە تورکیا پارەت بەسەر کەسانی بەناو رۆژنامەڤاندا نەباراند بۆ تێکدانی یەکێتی و یەکپارچەیی ئەم وڵاتە، بە هەوڵی کودەتاکەی 15 تەمووزیشەوە هەموو جۆرە بوختانێکت هەڵنەبەست؟ تۆ کاتی کودەتاکەی 15ی تەمووز کاتێک فرۆکەی سەرۆککۆمارمان بە ئاسمانەوە بوو، بۆ ئەوەی شوێنەکەی بە کەسانێک پیشان بدەیت، وەشانی راستەوخۆت نەکرد؟".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، ئاماژەی بەوەدا،  لە تورکیا نزیکەی 110 هەزار کەس بەهۆی "بیروباوەڕی سیاسی"یان لە گرتووخانەکانی تورکیادان، لەوانە زیاتر لە 99 هەزار کەسیان سەر بە گرووپی فەتحوڵڵا گولەنن، هەشت هەزار و 500 کەسیشیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، زۆربەی ئەوانەی لەسەر "بیروباوەڕی سیاسی" دەستگیرکراون، لە زینداندا رووبەڕووی ئەشکەنجەدان بوونەتەوە، لەوانەش رووتکردنەوە. هەروەها لە کاتی دادگاییکردنیان رێگە بە چالاکڤان و رۆژنامەڤانان نادرێت ئامادەی دانیشتنی دادگا بن
 
راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە لە شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا، هەردوولا دەست لە کەسانی سڤیل ناپارێزن و بەو هۆیەشەوە بە هەزاران سڤیل کوژراون.