سەرمایەدارێکی کورد: ئامادەم بۆ کڕینی یانەی چێڵسی یەک ملیار پاوەند بدەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرمایەدارێکی کورد دەیەوێت یانەی چێڵسیی ئینگلیزی بکڕێتەوە، ئەو رۆژی هەینی 18-03-2022 بە فەرمی داواکارییەکەی بۆ کڕینی یانەی چێڵسی پێشکێش دەکات.
موحسین بایراک، خەڵکی پارێزگای بەدلیسە لە باکووری کوردستان و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی "ئەی بی"یە و سامانەکەی 11 ملیار دۆلارە، رایگەیاندووە، ئامادەیە بۆ کڕینی ئەو یانەیە یەک ملیار پاوەند بەشێوەی کاش بدات و ئەگەر پێویستی بە پارەی زیاتر هەبوو ئەوا دەتوانێت قەرزی بانکی وەربگرێت.
تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکەمین دەزگای میدیایی چووە لای ئەو سەرمایەدارە کوردە، ئەو باس لەوە دەکات ئامادەیە یەک ملیار پاوەند بۆ کڕینی یانەکە بدات.
موحسین بایراک بە رووداوی گوت، "کاتێک هەواڵی ئەوەم پێگەیشت کە یانەکە بەنیازی فرۆشتنە، منیش هەوڵمدا یانەکە بکڕم، هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ ئەوە دەخەینە گەڕ، رۆژی 18ـی ئەم مانگە دەکەوینە وردەکاری لەسەر ئەو بابەتە. بۆیە من ئەو هەوڵە دەدەم بۆ ئەوەی ببێتە سەربەرزی بۆ تورکیا، ئێمە گرنگی زۆر بە گەنجان و وەرزشوانانی وڵاتەکەمان دەدەین، ئەوە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە خێزانێک لە تورکیاوە پێبگات و ببێتە خاوەنی یانەکی ئاوها گەورە."
ئەو سەرمایەدارە بووەتە رۆژەڤی میدیا جیهانییەکان و خەڵک بەدوای زانیارییەکانیدا دەگەڕێن، لەماوەی تەنیا یەک هەفتەدا بە 18 زمانی جیاواز زیاتر لە چوار ملیار جار لە گوگڵ ناوی بەکارهێندراوە و بەدوای زانیارییەکانیدا گەڕاون.
شاهین کەنیار، هەوادارێکی یانەی چێڵسییە و باسی لەوە کرد، "ئەوە زۆر باش دەبێت، هەم بۆ خۆمان هەم بۆ وڵاتەکەمان."
دۆگوکان پلان، هەوادارێکی دیکەی یانە ئینگلیزییەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "بەختەوەرییەکی زۆر گەورەیە هاووڵاتییەکی تورکی ببیتە خاوەنی ئەو یانەیە."
بایراک، خەڵکی پارێزگای بەدلیسە لە باکووری کوردستان، سامانەکەی 11 ملیار دۆلارە، پێشتر بایراک دوو ملیار و 200 ملیۆن پاوەنی بۆ بەڕێوەبەری یانەی چێڵسی پێشنیاز کردبوو، ئەو کاتەی کە بە دەست ملیاردێرێکی رووسییەوەبوو.