دەمیرتاش لەبارەی ئیمامئۆغڵو: نەدەبوو سەرەتا "گازەرد" رادەست بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە سزای زیندانیی سەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی بە "کودەتای دادگەری" وەسفکرد.
 
لە تویتێکدا کە درەنگی شەوی پێنجشەممە 15-12-2022 بڵاویکردەوە، دەمیرتاش نووسیویەتی: "ئەمە چەندەمین کودەتایە دەکرێتە سەر ئیرادەی خەڵک. هەموو ئەم ناحەقییانە زوو یان درەنگ لای خەڵک دەبنە بڕیار و دەگەڕێنەوە. کەوایە یەکجاری کاک ئەکرەم بخەنە گرتووخانەی پنارهیسار، با چارەنووسیشی هەمان چارەنووس بێت." 
 
گرتووخانەی پنارهیسار
 
دەمیرتاش لێرەدا مەبەستی ئەوکاتەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەهۆی خوێندنەوەی هۆنراوەیەک لە سێرتی باکووری کوردستان لە رۆژی 6-12-1997 تۆمەتبارکرا بە نەژادپەرستی و دروستکردنی دوو جەمسەریی لە نێو کۆمەڵگەدا. 
 
ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بوو، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و سزای زیندانیی 10 مانگی بەسەردا سەپێندرا. ئەردۆغان رۆژی 26-3-1999 خرایە گرتووخانەی پنارهیسار و دوای 4 مانگ و 10 رۆژ لە رۆژی 24-7-1999 ئازادکرا. ئەو هەوڵانە لە دژی ئەردۆغان دران تاوەکو رێگریی لێ بکرێت لە خۆبەربژێرکردن. ئەوەبوو دواجار ئەردۆغان بووە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماریش. ئێستاش ئەکرەم ئیمامئۆغڵو یەکێکە لەو کەسایەتییانەی ئەگەر هەیە لەلایەن شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر بکرێت. 
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە سەر بە جەهەپەیە، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و ناوهێنانیان بە "گەمژە"، لەلایەن دادگەیەکی ئیستەنبووڵ بە دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ سزادراوە. هەروەها ئەگەر دادگەی پێداچوونەوە سزاکە پەسندبکات، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو جگە لەوەی دەبێت بچێتە زیندان، کاری سیاسیشی لێ قەدەخە دەکرێت.
 
دەمیرتاش هەروەها لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا رایگەیاندووە: "ئەو سزایەی بەسەر مندا سەپێندرا، بە رێنمایی کۆشک لە ماوەی 41 رۆژدا لەلایەن دادگەی باڵا پەسندکرا. هەروەها ئەو سزایەی بەسەر سەرۆکی گەورەشارەوانیی دیاربەکر سەلچوک مزراکڵی دا سەپێندرا لە ماوەی 35 رۆژدا پەسندکرا. نیگەرانم بەڵام ئێوە نەدەبوو گازەردیان پێبدەن. بەڵام دیسانیشەوە درەنگ نییە و کاتی خەباتی بەرگری و سەرکەوتنە." 
 
چیرۆکی گازەرد چییە؟
 
لە دارستانێکدا کۆمەڵێک شێر چاویان بڕیبووە گاگەلێک، بەڵام لەبەر ئەوەی گاکان بەهێز بوون، نەیاندەتوانی بە یەکجار هێرشیان بکەنە سەر. هەر بۆیە سەرەتا چوون و بە گاکانیان گوت کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵیاندا نییە و تەنیا گازەرد بەو رەنگەیەوە کێشە بۆ چاویان دروستدەکات، گازەرد رادەست بکەن بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات. گاگەل بڕیاریاندا و گازەردیان رادەستکرد. دوای ماوەیەک شێرەکان گەڕانەوە و گوتیان گابەڵەک بە کلکەکەی بێزاری کردوون و بۆ ئەوەی ئاشتی بەردەوامبێت، پێویستە رادەستی شێرەکان بکرێت. ئەوەبوو دانە دانەی گا بەهێزەکان رادەستی شێرەکان کران و گاگەل لاواز مانەوە. دواجار شێرەکان بە یەکجار شاڵاویان بۆ گاگەل هێنا و بە ئاسانی زاڵبوون بەسەریاندا. ئەوکات گاگەل تێگەیشتن کە نەدەبوو لە سەرەتاوە گازەرد رادەستی شێرەکان بکەن.
 
ئێوارەی چوارشەممە 14-12-2022 چوارەمین دانیشتنی دادگەییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە حەوتەمین دادگەی سزاکانی ئەنادۆڵ لە ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەڕێوەچوو. دەستەی دادوەران سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانی و قەدەخەی سیاسەتکردنیان بەسەر ئیمامئۆغڵودا سەپاند. 
 
ئەم بڕیارەی دادگەی تورکیا کاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەوەشی لێکەوتووەتەوە.