ئەندامانی جەستەی گەنجێکی کورد، ژیانی چوار کەسی لە مردن رزگار کرد
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کورد لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە چەولیگی باکووری کوردستان گیانی لەدەستدا. ماڵباتەکەی رازیبوون بە بەخشینی ئەندامانی جەستەی کوڕەکەیان بۆ ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێیەتی. بەمەش ژیانی چوار کەس لە مردن رزگار کرا.
رۆژی (6ـی تشرینی دووەمی 2024)، رووداوێکی هاتووچۆ لە چوارڕیانی توڕگای لە چەولیگ-ی باکووری کوردستان لەنێوان مینی پاسێک و ماتۆڕسکیلێک روویدا. بەهۆیەوە گەنجێکی کورد بەناوی (س.ت) تەمەن 23 ساڵ زۆر بەسەختی برینداربوو. دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
ماڵباتی گەنجە کوردەکە، بڕیاریاندا ئەندامانی جەستەی کوڕەکەیان ببەخشنە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە گواستنەوەی ئەندامی نوێ هەیە بۆ ئەوەی گیانیان لە مردن رزگار بێت. بۆ ئەمەش، لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگاکە واژۆیان لەسەر بەڵگەنامە فەرمییەکان کرد.
ئەمڕۆش، چوار ئەندامی جیاوازی جەستەی گەنجە کوردە تەمەن 23 ساڵەکە لە رێگەی فڕۆکەی ئەمبوڵانسەوە گوازرایەوە بۆ ئەنقەرە، دیلۆک و سامسون و گیانی چوار نەخۆشی پێ رزگار کرا.
دکتۆر سامەد تاتڵی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای چەولیگ، لە رێوڕەسمێکدا ئەندامەکانی بە فڕۆکە نارد بۆ ئەو چوار نەخۆشەی ئەنقەرە، دیلۆک و سامسون و رایگەیاند، "بە وردی سەرپەرشتیی نەشتەرگەری و پرۆسەی گواستنەوەی ئەندامەکانیانمان کرد".
سامەد تاتڵی هەروەها گوتی: "نەشتەرگەرییەکە و پڕۆسەی گواستنەوەکانیش بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوون و چاوەڕێی ئەنجامی باش دەکەین."
سامەد تاتڵی راشیگەیاند، "دڵخۆشم بەو بڕیارە بوێرانە و بەویژدانانەی دایک و باوکی جوانەمەرگەکە، بەتایبەتی دوای ماڵئاواییکردن لە کوڕەکەیان، پێداگرییان لە خێرا گواستنەوەی بەخشینی ئەندامانی جەستەی کوڕەکەیان بۆ چوار نەخۆشەکە کرد."