بکوژی هرانت دینک ئازاد کرا
رووداو دیجیتاڵ
بکوژی هرانت دینک، سەرنووسەری رۆژنامەی ئاگۆس، کە نزیکەی 17 ساڵ بەر لە ئێستا لەبەردەم دەرگای رۆژنامەکەی لە ئیستەنبووڵ تیرۆرکرا، ئازاد کرا.
ئۆگون ساماست ئەو گەنجە تووندڕەوە تورکەی رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2007 لەبەردەم ئۆفیسی رۆژنامەی ئاگۆس، هرانت دینکی تیرۆر کرد، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2023، بە مەرجی دادیی ئازادکرا.
ئۆگون ساماست ساڵی 2007 تەمەنی 17 ساڵ بوو. رۆژێک دوای رووداوەکە لە تێرمیناڵی شاری سامسونی تورکیا دەستبەسەرکرا. لە 24ـی کانوونی دووەمی 2007 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو و دوای دادگاییکردنی خرایە زیندانەوە.
ئۆگون ساماست بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" بە 22 ساڵ و 10 مانگ زیندانیکردن سزادرا.
بەپێی یاسای سزای تورکیا دەبووایە 15 ساڵ و دوو مانگ لە زیندان بمێنێتەوە، بەڵام ساڵی 2020 بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر پاسەوانەکان لە زیندان، سزای زیادەی وەرگرت.
دوای 16 ساڵ و 10 مانگ مانەوە لە زیندان، کاژێر 19:50 خولەکی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی دووەم، بە مەرجی دادی لە زیندانی بۆڵو ئازادکرا.
سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دوای ئازادکردنی ئۆگون ساماست کاردانەوەیان نیشان دا.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-هەدەپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئازادکردنی ئەو تەقەکەرەی کە لە هێرشێکی قێزەوندا هرانت دینکی خۆشەویستمانی کوشت، هەوڵێکی تیرۆرکردنی سیاسییە لەلایەن هاوپەیمانی ئاکپارتی-مەهەپە دژی ئیرادەی خەڵکی ئەم وڵاتە کە داوای ژیانێکی هاوبەش و ئاشتیییانە دەکەن".
هرانت دینک کە رۆژی 19 کانوونی دووەمی 2007 لەلایەن ئۆگون ساماست لەبەردەم ئۆفیسی رۆژنامەی ئاگۆس تیرۆر کرا، لە یەکێک لە گوتارەکانیدا دەڵێ، "کوردەکان هەوڵدەدەن بیسەلمێنن کە لەم وڵاتەدا دەژین، ئەرمەنەکانیش هەوڵدەدەن بیسەلمێنن، کە لەم وڵاتەدا کوژراون".
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری هەدەپ لە بازنەی ئامەد، لە پۆستێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەتەنزەوە نووسیویەتی، "عوسمان کاڤالا کە هەرگیز دەستی بەر چەک نەکەوتووە، سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسی بەسەردا سەپێندرا. سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبری چەک، پەرلەمانی هەڵبژارد، ئێستا له زیندانە. بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ هەرووکیان جێبەجێ ناکرێت. ئۆگون ساماست کە بە تاوانی کوشتنی هرانت دینک زیندانی دەکرێت، ئازادە. دەکرێت ئەمە رووبدات، تورکیا دەوڵەتی یاسایە و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە!".
هەروەها ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپەش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "شتێک نییە کە عەقل قبوڵی بکات. 16 ساڵە لە زیندانە. نەخێر لە دۆخێکی باشدا بوو، نازانم چی لێهاتووە. کەسێک کە تاوانێکی وا وەحشیگەران بکات، تا چەند باش دەبێت؟ کوشتنێکی وەها روون بە بەرچاوی هەموومانەوە. ئەمە تەنیا تاوانی کوشتن نییە. دیزاین کرابوو، لەلایەن کەسانێکەوە پلانی بۆ دانرابوو، راسپێردرابوو، ئەویش بەدوایدا رۆیشت و جێبەجێی کرد. جگە لەوەش نادادپەروەرییەکی نائاسایی و باوەڕپێنەکراوە بەرامبەر کۆمەڵگەیەکی زۆر گرنگ لە تورکیادا کراوە، ئەویش کۆمەڵگەی ئەرمەنە. دۆخێکی زۆر گوماناوییە کەسایەتییەک بەهۆی بیرکردنەوەکانییەوە بێدەنگ بکرێت".