لە ئیزمیر 68 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە دەریای ئیجە لە سنووری ئاوییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان 68 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران، کە دەیانویست بچنە ئەورووپا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێك کە لە ماڵپەڕی فەرمی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، درەنگیی شەوی پێنجشەممە، 15ـی ئاب لە دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی چەشمەی سەر بە پارێزگای ئیزمیری تورکیا 68 کۆچبەر لە نێو بەلەمێکدا دەستبەسەرکران کە 16 ـیان منداڵن.
دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی، کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگا کران.
لەم دواییانەدا لە تورکیا گوشارەکان بۆ سەر کۆچبەران زیادیکردووە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کۆنترۆڵیان لە شارەکانی هاوسنووری یۆنان و لە دەریای ئیجە زیاتر کردووە.
بەپێی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی 2023 تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار هەڵمەتی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان کردووە، 27 هەزار و 98 کۆچبەریان لە نێو دەریا و کەناراوەکان دەستگیرکردووە، 305 کۆچبەری برینداریشیان چارەسەر کردووە. هەمان ساڵ 38 کۆچبەر خنکاون و 277 قاچاخچیش دەستگیرکراون.