پارێزگای دێرسیم سکاڵای لە دژی حەوت پەرلەمانتاری هەدەپە تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
عەلیجان ئۆنلو و شەش پەرلەمانتاری دیکەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە تۆمەتی ئەوەی رۆژی شەممە 14-5-2022 لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئایسەل دۆغان، سیاسەتڤانی کورد لە دێرسیمی باکووری کوردستاندا هێرشیانکردووەتە سەر پۆلیس، لەلایەن پارێزگاوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکرا.
 
پارێزگای دێرسیم لە راگەیێنراوێکدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە سکاڵای لە دژی ئونلو و شەش پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە تۆمارکردووە.
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 16-5-2022 سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا تویتێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و سەرۆکی گشتیی جەهەپەشی تۆمەتبارکردووە. لە تویتەکەی سۆیڵودا هاتووە:"بەڕێز کڵچدارئۆغڵو؛ ئێوە و هاوڕێکانتان بێدەنگ بوون بەرامبەر هێرشی پەرلەمانتاری تیرۆرست عەلیجان ئۆنلو بۆ سەر پۆلیس لە کاتی بەشداریکردنی لە ناشتنی تەرمی تیرۆرستێکدا".
 
سۆیڵو هەروەها جەختیکردووەتەوە کە عەلیجان ئۆنلو "وەڵامی پێویست"ی دەدرێتەوە.  
 
ئایسەل دۆغان، سیاسەتڤانی کورد و ئەندامی گرووپی ئاشتی رۆژی هەینی لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد. رۆژی شەممە 14-5-2022 لەکاتی گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ زێدی خۆی؛ دێرسیم، دەیان کەس ئامادەبوون کە بەشێکیان بەرپرسی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) بوون.
 
پۆلیس لە ناوچەکە ئامادەبوون و بەگوتەی بەرپرسان و جەماوەری هەدەپە، پۆلیس رێگرییان لێکردوون و تووندوتیژییان لە دژ خەڵکەکە بەکارهێناوە. هەروەها گرتەی ڤیدیۆیی ساتی دروستبوونی گرژی لە نێوان پۆلیس و ئامادەبووان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە.
 
بەرپرسانی هەدەپە ناڕەزاییان نیشاندا بەرامبەر مامەڵەی پۆلیس لە دژی ئەوان. 
 
بەدەپە ئەکاونتی فەرمیی خۆیدا لە تویتەر نووسیبووی: "لە دەروازەی دێرسیم رێگری لە تەرمی ئایسەل دۆغان کرا. دەسەڵات لە رێگەی پۆلیسەوە هێرشدەکاتە سەر خەڵک. ئەوانەی دوینێ سەرکۆنەی دیمەنەکانی ئیسرائیلیان دەکرد بەهۆی هێرشکردنە سەر تەرمی فەلەستینییەکان، ناتوانن بەرامبەر بەم ستەمەی دژ بە کورد دەکرێت، چاوی خۆیان ببەستن. ئێمە لە کوردستانەوە هەتاوەکو فەڵەستین، لە دژی داگیرکاران تێدەکۆشین".
 
چاوەڕێدەکرێت ژمارەیەکی دیکەش لە پەرلەمانتار و بەرپرسی هەدەپە کە بەشداربوون لە مەراسیمی ناشتنی ئایسەل دۆغان، دەستگیر بکرێن.