سێ ژن رکابەریی بەدەستهێنانی تاکە کورسییەکی دێرسیم دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان، سێ ژن لە سێ پارتی جیاواز رکابەریی کورسییەکی پارێزگاکەیان دەکەن کە ئەوانیش ئایتان کۆردو، بەربژێری پارتی چەپی سەوز - یەسەپە؛ حوسنیە کاراکۆیون، بەربژێری پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە و نیلگون داڵکڵچ، بەربژێری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی – مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکپارتییە.
حوسنیە کاراکۆیون، بەربژێری جەهەپە لە دێرسیم دەڵێت، "دێرسیم یەکێکە لە دروستترین شوێن کە ژنانی تێدا بەربژێر بکرێت. ئەم شارە زۆرترین رێز لە ژن دەگرێت."
ئایتان کۆردو بەربژێرەکەی یەسەپە، ژنانی دێرسیمی کۆکردەوە و نووسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنی کردەوە، ئەو دەڵێت، "پێموابێت لە 32 شوێندا ژنە بەربژێرەکانمان لە ریزی یەکەمدان. لە دێرسیمیش وەکو ژنێک لە تێکۆشانداین بۆ بردنەوەی ئەو کورسییە."
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2018دا پارێزگای دێرسیم دوو کورسیی هەبوو، کە دوو بەربژێری پیاو لە جەهەپە و هەدەپە بەدەستیان هێنا، بەڵام ئەمساڵ دەبێتە یەکەمجار لە مێژووی کۆماریی تورکیا ژنێک وەکو نوێنەری دێرسیم دەچێتە پەرلەمانی تورکیا.
هاونیشتمانیانی دێرسیم پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەن. ساڵ دوای ساڵ بەشداریکردنی ژنان لە پەرلەمانی تورکیادا بەرزتر دەبێتەوە. ساڵی 2015، 82 ژن چوونە پەرلەمان کە رێژەیان 14.9% بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا لە کۆی 600 کورسی 104 ژن هەڵبژێردران کە رێژەی 17.1%ی پەرلەمانی تورکیا پێکدەهێنن.