وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا بۆ رووداو: مەترسیی دووبارە داڕمان لە ئەرزنگان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 16ـی شوباتی 2024 لە پارێزگای ئەرزنگان سەردانی شوێنی کانە زێڕە داڕماوەکەی کرد و رایگەیاند، تائێستا شوێنی کرێکارە بێسەروشوێنەکان دیاری نەکراوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، تائێستا شوێنی کرێکارە بێسەروشوێنەکانی کانە زێرەکەی ئەرزنگان دیاری نەکراوە و مەترسی دووبارە داڕمان هەیە، بۆیە بە هەستیارییەوە کار دەکەن.
رۆژی سێشەممە 13ـی شوبات لە شارۆچکەی ئیلیچی سەر بە پارێزگای ئەرزنگان کانێکی زێری داڕما، لەو کاتەوە نۆ کرێکار لەنێو کانەکەدا گیریانخواردووە و دەرنەهێندراون
بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد کە پلانەکانیان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان چڕدەکەنەوە و "هەوڵەکانمان بۆ رزگارکردنی کرێکارەکان خێراتر دەکەین"
هاوکات، باسی لەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم لە داڕمانی کانەکەی ئەرزنگان دەکرێت و دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری داڕمانی کانەکە رادەگەیێندرێت.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار دوێنێش لەسەر هەمان بابەت قسەی کرد و گوتی: "هەرە لەپێشینەی کارەکانمان رزگارکردنی ئەو نۆ برا کرێکارەمانە. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ ئافاد هەوڵێکی جددی دەدەین. لایەنی پەیوەندیدار لێرەن و شەو و رۆژ کاردەکەین. بەداخەوە کە ئەمە کاتی دەوێت، ئەو خاکەی دارماوە 10 ملیۆن مەتر سێجایە. ئەگەر بمانەوێت ئەمڕۆ لایبدەین، لانیکەم پێویستمان بە 400 هەزار بارهەڵگری (قەلاب) هەیە".
راشیگەیاند: "هەر کێ بەرپرسیاریەتیی هەبێت، ئێمە دەینێرینە بەردەم دادگە و لێپرسینەوە. با لەم بابەتەدا گەلەکەمان هیچ نیگەرانییەکی نەبێت. دەبینین کارگێڕیی ئێرە کەموکوڕیی لە بەڕێوەبردندا هەیە، چونکە هێشتا نوێنەرانی کۆمپانیا بیانییەکە لێرە نین".
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا هەروەها رایگەیاند، بە هەستیارییەوە و بێ ئەوەی زیان بە زێی فوڕات بگەیەنن، درێژە بە کارەکانیان دەدەن.
کۆمپانیای Anagoldـی کەنەدی بەرپرسی کانە زێڕەکە بووە کە 667 کرێکار بە سێ شەفت کاریان کردووە، بەردەوام ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی لە جۆری کارکردنی هەبووە لەو کانانەی تێیدا کاریان کردووە، بەتایبەتیش لەم کانە زێڕە، کە لە ساڵی 2018ـەوە تەندەرەکەی بۆ دەرچووە. هەربۆیە لە ساڵی 2022ـدا بەهۆی دزەکردنی گیراوەی سیانوور، کانە زێڕەکە خرایە کارنامەی تورکیا. بەهۆی ئەوەی 350 مەتر لە نزیک رووباری فوراتە، مەترسی بڵاوبوونەوەی سیانوور هەیە.
سەندیکای کاری سەربەخۆی کانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی رووداوەکە کرێکاران دزەیەکیان لە کانەکەدا دەستنیشانکردووە و بەرپرسانی خۆیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام کارەکە رانەگیراوە.
سەبارەت بە رووداوەکەش لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا حەوت بەرپرسی ئەو کۆمپانیایەی خاوەنی کانەکەن، دەستبەسەر کراون.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا:
رووداو: جەنابی وەزیر ئەو شوێنەی دەستنیشانکراوە کە کرێکارەکانی لێییە، چەند لە کەناراوەکەوە دوورە؟
ئاڵپئارسڵان بایراکتار: مەبەستت لە کەناراو چییە؟
رووداو: رێک لە کوێی ئەو شوێنەن کە داڕماوە؟
ئاڵپئارسڵان بایراکتار: ئێستا با ئەوە بڵێم، با هۆکار نەبین بۆ بەهەڵە تێگەیشتن. ئێستا خێزانەکان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی هەوڵێکن. هەر شتێک کە ئێمە لێرە بیڵێین، وەک ئەوەی کە شوێنەکانیانمان دەستنیشانکردبێت، نامەوێ تێگەیشتنێکی وەها دروست بێت. بەڵام وەکو گوتم، لە رووبەرێکی بەرفراوانەدا، بە نزیکەیی رووبەرێكی 801 کیلۆمەتری خلیسکاوە. لە نێو ئەوەدا بەدوای شەش براماندا دەگەڕێین. بەو هۆیەوە بە هەندێک شێواز سنوورەکەمان تەسک کردووەتەوە بۆ چەند ناوچەیەک، وا نییە پارێزگارم؟ سەرەنجام ئێمە مسۆگەر کارەکانمان لەو ناوچانە چڕ دەکەینەوە. وای بۆ دەچین سێ لە براکانمان لە بەشی ناوەوەی کانەکە بن. ئەمەش بەپێی دیمەنەکان و ئەو گوتانەی وەرگیراون. بەو هۆیەوە ئێستا کارەکانمان لەو ناوچانە چڕ دەکەینەوە. بەڵام وەکو گوتم، ئێمە لەبەردەم بارستەیەکی گەورەی خاکداین. دوێنێ ئاماژەم پێدابوو، تا رایەک مەترسی داڕمان بەردەوامە، بەوهۆیەوە لەوێش پێویستە بەشێوەیەکی پارێزراو کار بکەین و خۆمان بەدوور بگرین لە روودانی زیان و رێگەی پێ نەدەین، بەو شێوەیە بەردەوام دەبین.