وەزیری دادی تورکیا: تائێستا 54 بەڵێندەر و خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون دەستگیرکراون


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دادی تورکیا ئاشکرایکرد، تائێستا 54 بەڵێندەر و خاوەن کۆمپانیای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە تۆمەتی کەمتەرخەمی لە دروستکردنی باڵەخانەکان دەستگیرکراون و هێزە ئەمنییەکان بەدوای حەوت بەڵێندەری دیکەدا دەگەڕێن کە فەرمانی گرتنیان هەیە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی شوباتی 2023، بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە ئامەدی باکووری کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و رایگەیاند، لێكۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی کۆماریی سەبارەت بە دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمی لە دروستکردنی باڵەخانەکان کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکاندا رووخان، به‌رده‌وامن.  
 
بەکر بۆزداغ رایگەیاند، تائێستا 54 بەڵێندەر و خاوەن کۆمپانیای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دەستگیرکراون. هەروەها هێزە ئەمنییەکان بەدوای حەوت بەڵێندەری دیکە دەگەڕێن کە فەرمانی گرتنیان هەیە. جەختی لەوەشکردەوە کە ناوی سەرجەم بەڵێندەرە کەمتەرخەمەکان لە دەروازە سنوورییەکان، بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکاندا هەن بۆ ئەوەی نەچنە دەرەوەی تورکیا. 
 
لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەڵاتنی 21 بەڵێندەر، بەکر بۆزداغ رایگەیاند، ئەم زانیارییە پشتڕاستنەکراوەتەوە و لە ئەگەری راست دەرچوونی ئەم دەنگۆیەش، هەوڵەکان چڕ دەکرێنەوە لە رێگەی ئینتەرپۆڵ دەستگیربکرێن و رادەستی تورکیا بکرێنەوە. 
 
بۆزداغ راشیگەیاند، پێش دەستپێکردنی پرۆسەی لابردنی داروپەردووەکان، تیمەکانیان بەڵگەی تەواو لەسەر بوونی کەمتەرخەمی لە دروستکردنی باڵەخانەکاندا کۆدەکەنەوە. بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگەکان رێگە بە لابردنی داروپەردووەکان نادرێت. 
 
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی رووداوەکانی دزیکردن و تاڵانکردن رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 319 رووداوی دزیکردن و بەتاڵانبردنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان تۆمارکراوە و 335 کەس دەستگیرکراون.