لە ترابزۆن بەهۆی قسەکردن بە کوردی هێرشکرایە سەر چەند کرێکارێکی کورد

گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانە.
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە فڕۆکەخانەی پارێزگای ترابزۆنی تورکیا بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی، هێرشکرایە سەر چوار کرێکاری کورد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کرێکارە کوردانە کە خەڵکی پارێزگاکانی ئاگری و وانی باکووری کوردستانن، کرێکاری کەرتی بیناسازین و لە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی ترابزۆن کار دەکەن، کە دەکەوێتە شارۆچکەی ئۆرتاهیساز لە ناوەندی شاری ترابزۆن.
  
ئەو کرێکارە کوردانە بەیانی رۆژی پێنجشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە کاتی چا خواردنەوە لە بەردەم کافتریا پێش ئەوەی دەست بە کارەکانیان بکەن لە نێوان خۆیاندا بە زمانی کوردی قسەیان کردووە و پاسەوانێک لێیان نزیکبووەتەوە و داوای لێکردوون بە کوردی قسە نەکەن.
 
بەو هۆیەوە دەمەقاڵێ لەنێوان کرێکارانی کورد و پاسەوانەکان دروست بووە و بووەتە شەڕیان، دواتر پاسەوانەکان و کرێکارانی دیکەی پڕۆژکە هێرشیان کردووەتە سەر کرێکارانی کورد. 
 
بیلال ئاکتەکین، یەکێک لەو کرێکارانەی کە شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، بۆ میدیاکان قسەی کردووە و دەڵێت، "کاتێک هاوڕێکانمان لە بەردەم کافتریای شوێنی کارکردن چایان دەخواردەوە، لەنێو خۆیاندا بە کوردی قسەیان دەکرد، لەو کاتەدا پاسەوانانێک هاتە لایان و گوتی بە کوردی قسە مەکەن. هاوڕێکانمان گوتیان، هەموو کەسێک بە زمانی دایکی خۆی قسە دەکات، ئێمەش قسەی پێ دەکەین، دەمەقاڵەکە پەرەی سەند و بووە شەڕیان. نزیکەی 20 کەس هێرشیانکردە سەر چوار لە هاوڕێکانمان."
 
دوای رووداوەکە هەردوولا سکاڵایان لە دژی یەکدی تۆمار کردووە.