کڵچدارئۆغڵو: بڕیاری سزای زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو زەوتکردنی مافی 16 ملیۆن کەسە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە سەردانی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی کرد و لەبارەی سزای زیندانیی سەر ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، "کۆتایی بەو نادادی و ناحەقییە دەهێنین."
 
دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە 14-12-2022 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانی و قەدەخەی سیاسەتکردنی بەسەردا سەپێندرا، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە پرۆگرام و کۆبوونەوەکانی ئەڵمانیای هەڵوەشاندەوە و بەرەبەیانی 15-12-2022 گەڕایەوە تورکیا.
 
کڵچدارئۆغڵو بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی راگەیاند، بە هیچ شێوەیەک خۆی دڵتەنگ نەکات، "چونکە ئەو لەسەر حەقە." هەروەها گوتیشی، کۆتایی بە تەواوی ئەو ناحەقییانە دەهێنن.
 
کاژێر 17:30ی ئێوارەی چوارشەممە 14-12-2022 چوارەمین دانیشتنی دادگەییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە حەوتەمین دادگای بنەڕەتی ئەنادۆڵ لە ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەڕێوەچوو. دەستەی دادوەران سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانی و قەدەخەی سیاسەتکردنیان بەسەردا سەپاند.