سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق دەڵێت، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ هەینی لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیادا کۆبووەتەوە و، "ژمارەیەک پرسی دادوەری و یاسایی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراون."
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق لەگەڵ شاندێکی یاوەری، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری تورکیایان کرد و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە کۆبووەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر نێوەڕۆکی نەداوە.
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتە هاوسنوورەکە ژمارەیەک پەرەسەندنیان بەخۆیانەوە بینیوە.
 
نیسانی ئەم ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. ئەردۆغان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 24 یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی واژۆکرد کە چەندین بواری جیاجیا دەگرنەوە، لەنێویاندا بازرگانی، وزە، گەشتوگوزار، پەیوەندی، ژێرخان و هاوئاهەنگیی ئەمنی.
 
یەکێک لە رێککەوتنە هەرە سەرەکییەکان، "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی بۆ پێکەوەکارکردنی هاوبەش"ـە کە ئامانج لێی رێکخستن و بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەردوو دراوسێیەکەیە. 
 
هەروەها رێککەوتنێکی تایبەت لەسەر ئاو کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی دیجلە و فورات و دڵنیاییدان لەوەی عێراق وەک پێویست لە تورکیاوە ئاوی بۆ بەردەدرێتەوە. 
 
هەردوو وڵات هەروەها لەسەر ئەوە رێککەوتوون پێکەوە کار لەسەر "پڕۆژەی رێگەی گەشە" بکەن کە ئامانج  لێی بەستنەوەی کەنداوە بە تورکیا و ئەورووپاوە لە رێگەی عێراقەوە. پڕۆژە نێودەوڵەتییەکە دەرفەتی بەرزکردنەوەی پێگەی جیۆسیاسی و بەدەستهێنانی قازانجی ئابووری بە هەردوو وڵات دەدات. 
 
عێراق و تورکیا هەروەها رێککەوتوون هاوئاهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو شتەدا بکەن کە بە "تیرۆر و تاوانی رێکخراو"ناوی دەبەن. 
 
هەردوو وڵات رایانگەیاندووە کە بە هەوڵی هاوبەش رووبەڕووی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبنەوە و کار لەسەر بەهێزکردنی سنوور دەکەن.