242 کۆچبەری نایاسایی لە ئیستەنبووڵ دەستبەسەر کران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستبەسەرکردنی 242 کۆچبەری نایاسایی لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانیان لە ئیستەنبووڵ راگەیاند.
رۆژی هەینی 15-11-2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانیان بە مەبەستی "رێگریکردن لە قاچاخیکردن بە کۆچبەران" ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ ئەنجامدا.
بە گوتەی یەرلیکایا، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی 370 پۆلیس و 93 کارمەندی فەرمانگەی کۆچی پارێزگاکە کراوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ 4765 گومانلێکراو کراوە، لە ئەنجامدا 242 کۆچبەری نایاساییان دەستبەسەر کردووە.
یەرلیکایا گوتیشی، بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرەکان دەستیان بە رێکارەکان کردووە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 126 هەزار و 766 کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون و زۆربەشیان لەو کاتەدا بووە کە هەوڵیانداوە بچنە ئەورووپا.