پەرلەمانتارێکی هەدەپ بۆ پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی: خۆت و باوکیشت تیرۆریستن

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، هێرش دەکاتە سەر پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) و پێیدەڵێت: "تیرۆریست"، پەرلەمانتارەکەی هەدەپیش لە وەڵامدا پێیدەڵێت "باوکت تیرۆریستە، خۆت تیرۆریستی." 
 
شەوی رابردوو، 14ـی تشرینی دووەمی 2023، مەرال دانیش بێشتاش، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپ، لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا سەبارەت بە گوشاری دەسەڵات بۆ سەر کورد، گوتارێکی پێشکێشکرد و لە کاتی گوتارەکەیدا پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، بە "تیرۆریست" ناوی برد، ئەویش یەکسەر وەڵامیدایەوە و پێیگوت "باوکت تیرۆریستە، خۆت تیرۆریستی"، بەهۆیەوە گرژیی لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو فراکسیۆن دروستبوو.
 
مەرال دانیش بێشتاش لە گوتارەکەیدا باسی لەوە دەکرد لە تورکیا جیاکاری لە دژی کورد و عەلەوییەکان دەکرێت و گوتی؛ رێگری لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکرێت چاوی بە کەسوکار و پارێزەرانی بکەوێت، دوورگەی ئیمراڵی، گرتووخانەیەکی ئەم وڵاتە نییە؟ دامەزراوەیەکی سەر بە یاسای سزاکان نییە؟ بۆچی رێگەنادەن چاوی بە کەسوکاری بکەوێت؟ دەزانن رێگەنەدان بە بینینی کەسوکار و خێزان و پارێزەرانی مانای چییە؟ مانای ئەوەیە من دەوڵەتی یاسا نیم، دەوڵەتی هۆز و خێڵم. بە مانای ئەوە دێت کە چەتەئاسا ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەم."
 
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپ، گوتیشی "ئەگەر لێرە رێز لە یاسا نەگیرێت، لێرە کار بە یاساکان نەکرێت، لە کوێ کاری پێدەکرێت؟ لە کوێ داوای یاسا بکەین؟ نۆ پەرلەمانتارمان بەبێ بڕیاری دادگە تەنیا بەهۆی بڕیارێکی وەزیری ناوخۆ، ناتوانن گەشت بکەن. تەنانەت بەشێک لە پەرلەمانتارانمان ناتوانن بچنە کۆبوونەوەی ئەو لیژنانەی تێیدا ئەندامن، کە یەکێکیان جێگری سەرۆکی ئەو پەرلەمانەیە. ئەگەر ئەمە رەفتاری چەتەیی نەبێت، چییە؟ با یەکێک ناوێکی رەوای پێبدات من، رێزی لێبگرم."
 
لەو کاتەی مەرال دانیش بێشتاش قسەی دەکرد، پەرلەمانتارێک لە ریزی فراکسیۆنی ئاکپارتی، بە دەنگێکی بەرز گوتی "تیرۆریست." ئەویش دوای ئاوڕدانەوە بۆ پەرلەمانتارەکە، پێیگوت "باوکت تیرۆریستە، خۆت تیرۆریستی" دوای ئەمە، گرژیی لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو فراکسیۆنەکە دروستبوو.