هاتووچۆ لە شەقامی ئیستقلال ئاسایی دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنە ئەمنییانەی دوای تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال گیراونەتەوەبەر، دار و گۆزە کۆنکرێتییەکانی شەقامەکە لابران.
شەوی دووشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2022 بە بڕیاری قایمقامی ئیستەنبووڵ، لە شەقامی ئیستقلالی تاکسیم، دار و گۆزە کۆنکرێتییەکان بۆ مەبەستی ئەمنی لابران.
بەهۆی لابردنی دار و گۆزە کۆنکرێتییەکان شەقامی ئیستقلال لە کاژێر 22:00ـی شەوەوە بەشێوەیەکی کاتی بە رووی هاتووچۆی پیادەدا داخرا.
کاژێر 06:00ـی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2022 شەقامەکە جارێکی دیکە بە رووی هاتووچۆی پیادەدا کرایەوە.
تیمەکانی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ شەوی رابردوو دەستیان بە کارکردن کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، کە لەلایەن قایمقامیەتی ئیستەنبووڵ دەرکرابوو. یەک بە یەک رووەکەکانی ناو گۆزە کۆنکرێتییەکانیان لابرد و گواستیانەوە.
تیمەکانی شارەوانی بە درێژایی شەوی رابردوو 150 دار و 90 گۆزەی کۆنکرێتییان لەو شەقامەدا لابرد.
کاژێر 16:20 خولەکی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2022 تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ روویدا. بەهۆی تەقینەوەکە، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 81ـی دیکەش برینداربوون.
پۆلیسی تورکیا دەڵێت، تائێستا 48 کەس بە تۆمەتی تەقینەوەکە دەستگیرکراون.