یەسەپە ناوی خۆی بۆ هەدەپ گۆڕی
رووداو دیجیتاڵ
پارتی چەپی سەوز - یەسەپە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە بەڕێوەدەبات. لە کۆنگرەکەدا کە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆڵی وەرزشیی ئەتاتورک دەستیپێکرد، پارتەکە ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - هەدەپ.
لە کۆنگرەکەدا کە بە دروشمی "دیسانەوە بۆ ئازادی" و بە ئامادەبوونی هەزار کەس بەڕێوەدەچێت، جگە لە گۆڕینی ناوی ئەو پارتە، هاوگوتەبێژان دەگۆڕدرێن و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنیش کەم دەکرێنەوە.
هەر لە کۆنگرەکەدا حەوت مادەی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکرێنەوە و دوو مادەی نوێش بۆ پەیڕەوەکە زیاد دەکرێن. گۆڕانکارییەکان هاوتەریب دەبن لەگەڵ ئەو پێشنیازانەی کە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا لەگەڵ خەڵک کراون و ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکاندا دراون.
تەوەری سەرەکی کۆنگرە بریتی دەبێت لە چارەسەری پرسی کورد؛ هەروەها جەختکردنەوە لە چارەسەری ئاشتیانە و بەکارهێنانی دیالۆگ بۆ نەهێشتنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
یەسەپە لە کۆنگرەکەدا بانگەوازێکی نوێ بۆ حکومەت دەکات بۆ چارەسەری پرسی کورد؛ هەروەها نەخشەڕێگەی قۆناخی نوێ رادەگەیەنێت.
پارتی سەوزی چەپ لە 25ی تشرینی 2012 بەناوی پارتی سەوزەکان و ئایندەی چەپ دامەزرا و رۆژی 2ی نیسانی 2016 لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسی تورکیا یەکیانگرت و ناویان بۆ پارتی "چەپی سەوز" گۆڕی.
پارتی چەپی سەوز کۆنگرەیەکی نائاسایی و سێ کۆنگرەی ئاسایی بەستووە و ئەندامی پێکهاتەی "کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی" (هەدەکە)یە.
لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیادا پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە لەگەڵ ئەو بەشداری کرد کە تێیدا 4 ملیۆن و 803 هەزار و 737 دەنگیان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن 62 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا.