فرۆشی خانووبەرە لە تورکیا 15٪ کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا و باکووری کوردستان فرۆشی خانووبەرە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 1.1٪ و لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 15٪ کەمیکردووە.
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، کە ئەمڕۆ هەینی 15ـی ئەیلوولی 2023 بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا لە تورکیا و باکووری کوردستان بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو فرۆشی خانووبەرە 1.1٪ کەمیکردووە و لەو مانگەدا 122 هەزار و 91 خانوو و شوقە فرۆشراون.
هەروەها لە 8 مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی 2022، فرۆشی خانووبەرە 15.5٪ کەمیکردووە و 797 هەزار و 418 خانوو و شوقە فرۆشراون.
لە مانگی ئابدا زۆرترین خانوو و شوقە لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیری تورکیا و کەمترینیان لە پارێزگاکانی ئەردەخان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان فرۆشراون.
لە کاتێکدا لە مانگی ئابدا 39 خانوو و شوقە لە ئەردەخان فرۆشراون، لە ئیستەنبووڵ 17 هەزار و 408 خانوو فرۆشراون.
هەروەها لە مانگی ئابدا بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، ژمارەی خانوو و شوقەی فرۆشراو بە هاووڵاتیانی 42٪ کەمیکردووە و تەنیا سێ هەزار و 58 خانوو و شوقە بە هاووڵاتیانی بیانی فرۆشراون.
بیانییەکان زۆرترین خانوو و شوقەیان لە ئیستەنبووڵ و ئانتالیا و مێرسین کڕیوە. بیانییەکان یەک هەزار و 666 خانوو و شوقە لە ئیستەنبووڵ، 919 لە ئانتالیا و 248 خانوو و شوقەیان لە مێرسین کڕیوە.
هاووڵاتیانی رووسیا بە کڕینی 733 خانوو و شوقە لە پلەی یەکەمدان، هاووڵاتیانی ئێران بە کڕینی 342 خانوو و شوقە لە پلەی دووەمدان، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە کڕینی 220 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەمدان. هاووڵاتیانی کازاخستان بە کڕینی 141 خانوو و شوقە لە پلەی چوارەمدان.
زۆربەی بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا، خانوو و شوقە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکڕن. هەر کەسێکی بیانی 500 هەزار دۆلار وەبەرهێنان بکات یان موڵکێک لە تورکیا بکڕێت و بۆ ماوەی 3 ساڵ نەیفرۆشێت مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیای هەیە. تا کۆتایی ساڵی 2021 ئەم ژمارەیە 250 هەزار دۆلار بوو و لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 بۆ 500 هەزار دۆلار زیادکرا.