لە ئیستەنبووڵ هێرشکرایە سەر پەیکەری ئەتاتورک

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری ئیستەنبووڵ چەند منداڵێک هێرشیان کردە سەر پەیکەری مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، دوای رووداوەکە کە  لە قوتابخانەی ئیچداشی بنەڕەتی لە ناوچەی باغجڵاری روویدا، سێ مێرمنداڵ دەستبەسەر کران. 
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە رێگەی مۆبایلەوە تۆمارکراون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، چوار مێرمنداڵ کە تەمەنیان لە نێوان 12-15 ساڵانە چوونەتە نێو باخچەی قوتابخانەکە و سەبەتەی زبڵ فڕێدەدەنە سەر پەیکەری ئەتاتورک. 
 
یەکێک لە مێرمنداڵەکان سەبەتەیەکی خاشاکی ئاسنی هەڵگرتووە و فڕێیدەداتە سەر پەیکەرەکە و سێ هاورێی دێن بۆ لای، مێرمنداڵەکە "گوتەی نەشیاو" بە ئەتاتورک دەڵێت. 
 
بڵاوبوونەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
سێ لەو مێرمنداڵانە دەستبەسەر کراون و گەیێندراونەتە نووسینگەی منداڵانی باغجڵار.
 
دوای کۆتاییهاتنی رێکارە کارگێڕییەکان، هەرسێکیان رەوانەی دادگە دەکرێن و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستبەسەرکردنی مێرمنداڵەکەی دیکە.