لە دەنیزلی تەرمی دوو گەنج لەنێو بیرێکی ئاو دەدۆزرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای دەنیزلی تورکیا، دوو گەنج کە ماوەی پێنج رۆژبوو بێسەروشوێن بوون، تەرمەکانیان لەنێو بیرێکی ئاودا کە 26 مەتر قووڵە دۆزرانەوە.
 
بەیانی رۆژی چوارشەممە 15ـی حوزەیرانی 2022، لە شارۆچکەی سەرینهیسار سەر بە پارێزگای دەنیزلی دوای 45 کاژێر لە بەردەوامی کاری تیمەکان، لە کاژێر 03:30 خولەکدا تەرمی ئیسماعیل یاڵچنـی تەمەن 19 ساڵ و لە کاژێر 05:30 خولەکدا تەرمی حەسەن ئاککۆسە ـی تەمەن 17 ساڵ دۆزرایەوە. 
 
کەسوکاری ئەو دوو گەنجە لە شارۆچکەی ئاجیپایامی دەنیزلی لە شەوی 9ـی حوزەیرانەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە بێسەروشوێن بوونی منداڵەکانیان ئاگادارکردبووەوە. 
 
بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو گەنجە رۆژی سێشەممە 14ـی حوزەیران کارەکانی گەڕان و هەڵکۆڵین لە تەنیشت بیری ئاوی "دەڤەلی" دەستیپێکرد کە بنی بە بەرد پڕکراوەتەوە و 26 مەتر قوڵە، بەرەبەیانی ئەمڕۆش تەرمەکانیان دۆزرانەوە. 
 
دوای پێنج کاژێر هەڵکۆڵینی ئەو شوێنە دەرهێنانی بەردەکانی ناو بیرەکە، تەرمی هەردوو گەنجەکە دەرهێندران. یەکێک لە گەنجەکان گولـلە بەرسەری و ئەوەی دیکەشیان بەر پشتی کەوتووە.   
 
دوای ئەنجامدانی پشکین لە شوێنی رووداوەکە، بەمەبەستی توێکاری تەرمی هەردوو گەنجەکە گواسترانەوە بۆ بەشی دادپزیشکی لە نەخۆشخانەی زانکۆی پاموککالە. 
 
چەند رۆژ بەر لە ئێستا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە، نۆ کەس دەستبەسەرکران و دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش درانە دادگە. حەوت کەسیان بەبڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە و دوو کەسەکەی دیکەش بەمەرج ئازادکران.
 
یەکێک لەو کەسانەی خرایە زیندانەوە بە ناوی "م. ئا" لە گوتەکانی خۆیدا دانی بەوەدا ناوە کە ئەو دوو گەنجەی کوشتووە و ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی قەرزەوە مشتومڕ لە نێوانیان دروستبووە. 
 
"م. ئا" کە گوایە پارەی لایان بووە گوتوویەتی، شەوی پێنجشەممە بانگی کردوون بۆ دارستان و هەردووکیانی لەوێ کوشتووە و دواتر لە شوێنەکە دوورکەوتووەتەوە. 
 
رۆژی دواتر گەڕاوەتەوە بۆ شوێنی رووداوەکە و تەرمەکانی خستووەنەتە نێو سندووقی ئۆتۆمبێلێک کە لە کەسێکی دیکە وەریگرتووە و دواتر تەرمەکانی فڕێداونەتە نێو بیرەکەوە.   
 
دوای رووداوەکە ئۆتۆمبێلەکەی لە شوشتنگەی بەنزینخانەیەک شوشتووە و رادەستی خاوەنەکەی کردووەتەوە. 
 
ئەو بکوژە گوتوویەتی، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، بە مینی پاسێک هەشت کەسی بردووە بۆ لای بیری ئاوەکە و بۆ شاردنەوەی تەرمی ئەو دوو گەنجە بنی بیرەکەی بە بەرد پێ پڕکردوونەتەوە.