پێنجەمین دانیشتنی دادگە بۆ کەیسی کوژرانی تاهیر ئەڵچی بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
پێنجەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی کوشتنی تاهیر ئەڵچی، سەرۆکی پێشووی بارۆی ئامەد بەڕێوەدەچێت.
دانیشتنەکەی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی حوزەیرانی 2022 لە 10ـەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد دەستپێدەکات.
تاهیر ئەڵچی، سەرۆکی پێشووی بارۆی ئامەد رۆژی 28ـی 11ـی 2015 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کاتێک داوای ئاشتی و راگرتنی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیای دەکرد تەقەی لێکرا و کوژرا.
دوای تێپەڕبوونی شەس ساڵ بەسەر کوژرانی تاهیر ئەڵچیدا، تاوەکو ئێستا دۆسیەکە یەکلایی نەبووەتەوە و تاوانبارەکە دەستنیشان نەکراوە.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک، لە 23ـی حوزەیرانی 2017دا راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە ئامادەکرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کوژرانی ئەڵچیدا راپۆرتەکە خرایە نێو دۆسیەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە بێت، کوشتنی تاهیر ئەڵچی پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژراوە، بەڵام محەممەد ئەمین ئاکتار، پارێزەری دۆسیەی تاهیر ئەڵچی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە هەن بەوەی تاهیر ئەڵچی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
پشکنەرەکان لە 2015 و 2017دا داوایان کردووە لێکۆڵینەوە لە تۆمارە دەنگییەکانی کاتی رووداوەکە بکرێ، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکراوەتەوە.
هەدەپە 30 تشرینی دووەمی 2021 پێشنیازنامەیەکی پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، بەڵام بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە رەتکرایەوە.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی تاهیر ئەڵچی دوای تێپەربوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کوژرانیدا رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی 2020 لە 10یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو. لەو دۆسیەیەدا کە دانیشتنی پێنجەمی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، چوار تۆمەتبار دادگایی دەکرێن و لەوانە سێیان پۆلیسن.