راپرسییەک: ئاکپارتی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوودا بەدەستدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی ئەی ئێڵ ئێف بۆ توێژینەوە و راوێژی سیاسی، ئەنجامی دوایین راپرسی لەبارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، ئاکپارتی بە بەدەستهێنانی 33.1٪ی دەنگەکان یەکەمی سەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیایە. 
 
ناوەندی ALF لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 8-12ی نیسانی 2023، لە 26 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ 2340 کەس راپرسی کردووە. راپرسییەکە تایبەت بووە بە دەنگی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی 28ـەمین خولی پەرلەمانیی تورکیا کە بڕیارە لە 14ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. 
 
وەک نەریتێکی باو لە تورکیا، سەرجەم هەڵبژاردنەکان و تەنانەت گشتپرسییەکانیش رۆژی یەکشەممە دەکرێن. 
 
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە، ئاکپارتی بە 33.1٪ی دەنگەکان لە ریزبەندی یەکەمی زۆرترین دەنگەکان دێت؛ جەهەپە بە 30.2٪ی دەنگەکان لە ریزبەندی دووەم دێت؛ ئیی پارتی 13.2٪ی دەنگەکان، هەدەپە 10.1٪ی دەنگەکان، مەهەپە 6.6٪ی دەنگەکان، پارتی مەملەکەتی موحەڕەم ئینجە 4.3٪ی دەنگەکان و لایەنەکانی دیکەش 2.5٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 
 
لەو هەڵبژاردنانەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لە نێوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش لە دەرەوەی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە.