پەیامی نوێی ئەردۆغان لەبارەی دۆخی کورد لە سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
ئەردۆغان رایدەگەیێنێت، یەپەگە نزیکەی سێیەکی خاکی سووریای داگیرکردووە و "سامانی سرووشتیی ئەو وڵاتەی زەوت کردووە." هەروەها دەڵێت، "ئێمە لە سووریا هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکە، چاودێریی پرسی برا کوردەکانیشمان دەکەین."
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی دا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتاری پێشکێش کرد و لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی دۆخی ئێستای سووریای کرد، بوونی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی بە یەکێک لە کێشە جیدییەکان وەسف کرد.
لەبارەی یەپەگە/هەسەدە ئەردۆغان گوتی، "نزیکەی سێیەکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە. رێکخراوی تیرۆرستیی یەپەگە کە سامانی سرووشتیی سووریاشی زەوت کردووە، ئەگەر خۆی هەڵنەوەشێنێتەوە و چەک دانەنێت، لەو چارەنووسە تاڵەی وا لێی نزیک دەبێتەوە، رزگاری نابێت."
هاوکات لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی لە شەڕڤانان، ئەردۆغان رووی دەمی کردە کوردانی رۆژئاڤا و گوتی، "ئێمە لە سووریا هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکە، چاودێریی چارەسەرکردنی تەواوی پرسەکانی برا کوردەکانیشمان دەکەین، هەروەها پشتیوانییان دەکەین و دەستەبەری ئاسایشی کوردەکانین."
سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە هێزە بیانییەکانی سووریا کرد، لەو وڵاتە بکشێنەوە، بۆئەوەی ئەنقەرە و شام بەیەکەوە کۆتایی بە یەپەگە و داعش بهێنن.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان
هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا ناڕاستەوخۆ پەیامی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە کرد و ئامادەباشیی حکومەتی بۆ ئاشتەوایی و چارەسەر نیشاندا.
لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکان و هەوڵی نزیکبوونەوە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد ئەردۆغان گوتی، "لە دۆخێکی وەهادا هیچ کەسێک رازی نابێت بەوەی دەرفەتی بە تەواوەتی بنەبڕکردنی تیرۆر بەهەدەر بچێت، ئێمەش بەوە رازی نین. لەم تێگەیشتنەوە رێنوێنیمان بە هاوڕێیانی پەیوەندیدار دا، بۆئەوەی بە سەرنجەوە درێژە بە هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی جوداخوازی تیرۆرستی بدەن."
ئەو گوتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، دوای بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە و دواتریش سەردانی زۆربەی پارتە خاوەن فراکسیۆنەکانی کرد.
بۆ یەکەمینجار سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە دیدارەکانی ئەو شاندە کرد و گوتی، "ئامانجمان هەڵگرتنی بەربەستی تیرۆر و رێکخستنی مافی برایەتیمانە. مەودایەک بە ئاراستەی ئەم ئامانجە بڕدراوە کە جێی باسکردنە. دیدارەکانی ئەو شاندە (شاندی دەم پارتی) بەرهەمدار بووە. دەبینین جگە لە چەند پارتێک، زۆربەی پارتە سیاسییەکان پشتیوانیی دڵسۆزانە نیشان دەدەن. با چەک لە بابەتەکە دەربهێنین و دیواری تیرۆر بڕووخێنین."
ئەو پرۆسەیەی ئێستا لەئارادایە، ئەگەرچی هێشتا بە فەرمی هیچ ناوێکی لێ نەنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ئەرێنی بەرەوپێش دەچێت.
ئەردۆغان سەبارەت بەوەی کە ئەوان چ ئامانجێکیان هەیە، باسی لەوە کرد، "حەز دەکەین بابەتەکە بە ئارامی و بێدەنگی، بە کاراکردنی میکانیزمەکانی بەردەستمان کۆتایی پێبهێنین، چونکە خەڵکی ئێمە بە تەواوی لایەنەکانیەوە تاڵیی زۆری لەدەست تیرۆر چەشت، قوربانیی زۆری دا. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە ئەم دۆخە بە تەواوی هێور بکرێتەوە. رۆژ ئەمڕۆیە و رۆژی برایەتییە، رۆژی ئەوەیە دەرگای ئارامی بخرێتە سەر گازەرەی پشت."
لەبارەی ئەگەری بانگەواز، کە چاوەڕێ دەکەن لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکرێت، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەگەر بانگەوازی پێویست بکرێت و پەکەکە هەنگاوی پێویست بنێت، تورکیا بە کورد و تورکەوە براوە دەبێت، بەڵام ئەگەر پەکەکە گوێ بەو بانگەوازە نەدات، ئەوکات لە رێگەیەکی دیکەوە کار بۆ ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' دەکەن.