راپرسییەک: هاوپەیمانیی میللەت 10 خاڵ پێش هاوپەیمانیی جمهوور کەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ئاڤراسیا بۆ توێژینەوەی سیاسیی و راپرسییەکان، ئەنجامی دوایین راپرسیی دەنگی لایەنە سیاسییەکانی ئاشکراکرد و راگەیاند. هاوپەیمانیی میللەت (ئۆپۆزیسیۆن) بە 9.8 خاڵ لە پێش هاوپەیمانیی جمهوور (دەسەڵات) کەوتووە.
ناوەندی ئاڤراسیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە، لە رۆژانی نێوان 3-8ی کانوونی دووەمی 2023 لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەشێوەیەکی راستەوخۆ پرسیاریان لە 2612 کەس کردووە؛ ئەگەر یەکشەممەی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت دەنگ بە کام لایەنی سیاسی و هاوپەیمانی دەدەیت؟
وەک نەریتێکی باو لە تورکیا، سەرجەم هەڵبژاردنەکان رۆژی یەکشەممە دەکرێن. لەمبارەیەوە ناوەندی ئاڤراسیا ئەنجامی راپرسییەکەی لە دوو بەشدا بڵاوکردووەتەوە. بەشی یەکەم دەنگی لایەنە سیاسییەکان و بەشی دووەمیش دەنگی هاوپەیمانەکانە.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە؛ جەهەپە 31.1٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئاکپارتی 29.5٪، ئیی پارتی 13.8٪، هەدەپە 11.2٪، مەهەپە 5.6٪، پارتی دێڤا 3.5٪، پارتی زافەر 1.7٪، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ 1.2٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
بەمەش هاوپەیمانیی جمهوور 35.1٪ و هاوپەیمانیی میللەت 44.9٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. واتە هاوپەیمانیی میللەت بە نزیکەی 10 خاڵ پێش هاوپەیمانیی جمهوور کەوتووە.
بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەبچێت و چاوەڕوان دەکرێت 3 هاوپەیمانیی سەرەکی دەنگ بەدەستبهێنن: هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکیانهێناوە؛ هاوپەیمانیی میللەت کە بەشێک لە پارتە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وەک جەهەپە و ئیی پارتی تێدایە؛ هاوپەیمانیی هەدەپە لەگەڵ پارتی کرێکاری تورکیا، پارتی رەنجدەران، پارتی ئازادی کۆمەڵگە، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم و رێکخراوی ماڵی خەڵک.