یەسەپە کۆنگرە دەبەستێت و تەوەرێکی سەرەکیی کۆنگرەکەش پرسی کورد دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی چەپی سەوزی تورکیا - یەسەپە سبەی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە ئەنقەرە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت. لە کۆنگرەکەدا هاوگوتەبێژان دەگۆڕدرێن و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنیش کەم دەکرێنەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 10 هەزار کەس بەشداریی کۆنگرەکە بکەن. لە کۆنگرەکەدا 800 ئەندام دەنگ دەدەن و 80-90%ی بەڕێوەبەرایەتیی یەسەپە دەگۆڕدرێت.
 
چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی یەسەپە بە دروشمی "دیسانەوە بۆ ئازادی" لە هۆڵی وەرزشیی ئەتاتورک بەڕێوەدەچیت.
 
بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەکەدا بێجگە لە ئاکپارتی و مەهەپە، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و پارتە چەپ و سۆسیالیستییەکانی جیهان بانگهێشت کراون و نزیکەی 100 رۆژنامەڤان بۆ رووماڵکردنی کۆنگرەکە ئامادە دەبن.
 
لە کۆنگرەدا، هاوسەرۆکانی یەسەپە دەگۆڕدرێن و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەسەپەش کەم دەکرێتەوە.
 
هەر لە کۆنگرەدا حەوت مادەی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکرێنەوە و دوو مادەی نوێش بۆ پەیڕەوەکە زیاد دەکرێن. گۆڕانکارییەکان هاوتەریب دەبن لەگەڵ ئەو پێشنیازانەی کە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا لەگەڵ خەڵک کراون و ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکاندا دراون.
 
یەکێک لە گۆڕانکارییەکان گۆڕینی ناوی یەسەپە دەبێت. تەوەری سەرەکیی کۆنگرە بریتی دەبێت لە چارەسەری پرسی کورد؛ هەروەها جەختکردنەوە لە چارەسەری ئاشتییانە و بەکارهێنانی دیالۆگ بۆ نەهێشتنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
یەسەپە لە کۆنگرەکەدا بانگەوازێکی نوێ بۆ حکومەت دەکات بۆ چارەسەری پرسی کورد، هەروەها نەخشەڕێگەی قۆناخی نوێ رادەگەیێنێت.
 
پارتی سەوزی چەپ لە 25ی تشرینی دووەمی 2012 بەناوی پارتی سەوزەکان و ئاییندەی چەپ دامەزرا و رۆژی 2ی نیسانی 2016 لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی تورکیا یەکیانگرت و ناویان بۆ پارتی "چەپی سەوز" گۆڕی.
 
پارتی چەپی سەوز کۆنگرەیەکی نائاسایی و سێ کۆنگرەی ئاسایی بەستووە و ئەندامی پێکهاتەی "کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی" (هەدەکە)یە.
 
لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیادا پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لەگەڵ ئەو بەشداریی کرد، کە تێیدا 4 ملیۆن و 803 هەزار و 737 دەنگیان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن 62 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا.