لە سێ مانگدا 425 کرێکار لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی سەلامەتی و تەندروستیی کرێکاران لە تورکیا رایگەیاند، لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا لانیکەم 425 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 14ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی سەلامەتی و تەندروستیی کرێکاران لە تورکیا راپۆرتی "تاوانەکانی کار" ـی بۆ سێ مانگی یەکەمی 2024 بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 425 کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان لە کەرتی بیناسازی، کشتوکاڵ و گواستنەوە کاریان کردووە، لەوانە 25%ی گیانلەدەستدانەکان لە کەرتی بیناسازیدا بووە.
 
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە نێو ئەو کرێکارانەدا کە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا گیانیان لەدەستداوە 13 ژن و 16 منداڵ و نۆ کۆچبەر هەن.
 
زۆرترین رووداوی گیانلەدەستدانی کرێکار لە ئیستەنبووڵ بووە کە 70 کرێکارن، لە دوای ئەویش ئیزمیر دێت کە 33 کرێکار لەوێ گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە کۆنیا 20 کرێکار، لە بورسا، دیلۆک و روها 18 کرێکار گیانیان لەدەستداوە. 
 
گیانلەدەستدانی کرێکار لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا
 
کانوونی دووەم: 161 کرێکار
شوبات: 149 کرێکار
ئادار: 115 کرێکار
 
گیانلەدەستدان بەگوێرەی پارێزگاکان
 
ئیستەنبووڵ: 70 کرێکار
ئیزمیر: 33 کریکار
کۆنیا 20 کرێکار
بورسا، دیلۆک و روها: 18 کرێکار
 
گیانلەدەستدان بەگوێرەی کەرتەکانی کار
 
بیناسازی: 105 کرێکار
گواستنەوە: 58 کرێکار
کشتوکاڵ: 39 کرێکار
ئاسن: 31 کرێکار
هۆتێل و مۆتێل: 27 کرێکار
 
گیانلەدەستدان بەگوێرەی تەمەن، رەگەز و ناسنامە
 
ژن: 13
منداڵ: 16
کۆچبەر: 9