وەزیری ناوخۆی تورکیا: بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەش 50 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەش، لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتووەتە 50 هەزار و 500 کەس. 
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 14ـی نیسانی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە بۆ 50 هەزار و 500 کەس بەرزبووەتەوە. 
 
سلێمان سۆیلو گوتی: "50 هەزار و 500 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە. پارە دراوە بە میراتگری قوربانییان. 5 هەزار هاووڵاتییمان کە گیانیان لەدەستداوە، ئێمە هیچ زانیارییەکمان نییە، بەڵام پارەی ئەوانیش لە شوێنێکدا بلۆک کراون." 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا لە کۆی 57 هەزار و 29 باڵەخانە، داروپەردووی 40 هەزار و 969 باڵەخانە لابراون، هەروەها 66 هەزار خانووی کۆنتێنەر بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دابین کراون، ئەو ژمارەیە لە ماوەیەکی نزیکدا دەگاتە 100 هەزار.
 
بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی ئەمساڵ کە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلە لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا، زیانی بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا گەیاند، دوای بوومەلەرزەکان تائێستا زیاتر لە 20 هەزار پاشلەرزە تۆمارکراون. 
 
بوومەلەرزەکان کاریگەریان لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو، نزیکەی 6 هەزار کەسیش لەوێ گیانیان لەدەستدا.