لە تورکیا 110 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی لە بزووتنەوەی خزمەت دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 110 کەسی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی خزمەت راگەیاند.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هەفتەی رابردوو هێزەکانیان چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 23 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجام داوە، تێیاندا 110 کەسیان دەستگیرکردووە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، ئەو کەسانە چالاکییان بۆ بزووتنەوەکە ئەنجامداوە و پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی هەبووە.
یەرلیکایا ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر بڕێکی زۆر لیرەی تورکی و دراوی وڵاتانی دیکەدا گیراوە. راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە دۆسیەی دەستگیرکراوەکان دەستپێکردووە.
شەوی 15ی تەممووزی 2016 بەشێک لە سەربازانی سوپای تورکیا جووڵەیان پێکرا و دەستیان بەسەر چەند دامودەزگایەکی حکومەتدا گرت، بەڵام ئەو هەوڵە شکستی هێنا و وەکو "کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەممووز" چووە نێو مێژووی تورکیاوە.
حکومەتی تورکیا گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباریان دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.
دوای هەوڵی کودەتاکە، باری نائاسایی راگەیێندرا و حکومەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی دژی گولەنییەکان دەستپێکرد.
بەهۆی ئەوەی فەتحوڵڵا گولەن، رابەری ئەو کاتی گولەنییەکان لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا بوو، ئەم بابەتە کاریگەریی خستەسەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە - واشنتنیش.
تورکیا چەندینجار داوای لە ئەمریکا کرد گولەن و بەشێک لە هاوڕێکانی رادەست بکات، بەڵام ئەو هەوڵە هیچ ئەنجامێکی بۆ ئەنقەرە نەبوو.
رۆژی 21-10-2024 فەتحوڵڵا گولەن باری تەندروستیی تێکچوو و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پێنسلڤانیا، دواتر کۆچی دواییکرد.