جەهەپەییەکان دژی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانیی بەشیکتاش گردبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
لایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە، لەبەردەم شارەوانیی بەشیکتاش گردبوونەوە و سەرکۆنەی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی دەکەن، کە بە پاساوی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی فەرمانی دەستگیرکردنی درا. گردبوونەوەکە تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "بە شێوەیەکی نایاسایی ئێستا هاوڕێکەمان دەستبەسەرە، گوایە لە پرۆسەیەکدا تێوەگلاوە و قۆناخەکە بەو شێوەیە بەڕێوەدەبەن. راستییەکەی مەسەلەکە نە ئێسێنیورت و نە بەشکتاشە، بێگومان پرسەکە گەورەترە، ستراتیژ و شێوازی بەڕێوەبردنی عەقڵێکی تاکڕەو و دیدگایەکی تاکڕەوە، لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکەدا."
رەزا ئاکپۆلات-ی تەمەن 42 ساڵ، لە ساڵی 2019 بە نزیکەی سێ لەسەر چواری دەنگەکان بە سەرۆکی شارەوانیی بەشکتاش هەڵبژێردرا.
سەرۆکی جەهەپە بەهۆی دەستگیرکردنی ئاکپۆڵات، رەخنەی تووندی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، "ئەگەر پێیوابێت، بە ئەحمەد ئۆزەر و لە ئەسێنیورتەوە دەستپێدەکات، لە بەشکتاشەوە بەردەوام دەبێت و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەڕوات، کە هەرگیز نەیتوانیوە بیچەمێنێتەوە و نەیتوانی لە ژیانی سیاسیدا شکستی پێبهێنێت، ئەو کارە هێندە ئاسان نییە."
داواکارانی گشتی لە ئیستەنبووڵ رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، دوای سێ مانگ لێکۆڵینەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 47 کەس دەرچووە، یەکێک لەوانە رەزا ئاکپۆلات، سەرۆکی شارەوانیی بەشیکتاش و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسێنیورتە، کە لە 30ی تشرینی یەکەمی 2024 بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیر کرا و رۆژی دواتر قەییووم لە شوێنی دانرا.