باخچەلی بۆ کوردانی باکووری کوردستان: پێشمەرگەی هەولێر ناتوانێت وەکو من خاوەندارێتیتان بکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند: "چارەنووسی کورد و تورک یەکە" و کەس ناتوانێت ناکۆکی بخاتە نێوانیانەوە. رووی لە کوردانی باکووری کوردستان کرد و گوتی: "پێشمەرگەی هەولێر ناتوانێت وەکو من خاوەندارێتیتان بکات."
 
دەولەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان قسەی کرد: "کاتی کۆتایی رێکخراوی تیرۆریست هاتووە. دەبێت بەبێ مەرج رابگەیێندرێت کە پەکەکە کۆتایی هاتووە. لە دیداری دووەمی نێوان شاندی دەم پارتی و ئیمراڵی دەبێت رابگەیێندرێت کە بوونی رێکخراوی پەکەکە کۆتایی هاتووە، بە تیرۆر هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهاتووە و ئەو لاپەڕە خوێناوییەی کە دەیان قوربانی تێچووە داخراوە."
 
سەرۆکی مەهەپە لە بارەی سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای لایەنەکان لە هەفتەی رابردوودا باسی لەوەکرد: "سەردانەکانی دەم پارتی دڵخۆشکەرن. لای ئێمەش بە ئەرێنی بەڕێوەچوون."
 
باخچەلی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان جەختیکردەوە کە "لە هەر کوێیەک سەرچاوەی تیرۆر هەبێت، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی فورات، دەبێت کۆماری تورکیا بەپێی پرەنسیپەکانی پاراستنی رەوا لەناویان ببات." گوتیشی: "پەکەکە/یەپەگە دەبێت لە سووریا دەربچێت و دەبێت هەردوو لای فورات لە تیرۆر پاک بکرێنەوە."
 
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورکەوە راشیگەیاند: "تاوەکو ئەو چاڵە مەرگەی کە دەیانەوێت 150 ساڵە لە نێوان تورک و کورد دا بکرێتەوە بە تەواوی و بۆ هەمیشە دانەخەین، چۆن دەتوانین واتای راستەقینە بە برایەتیی هەزار ساڵە بدەین؟"
 
لە گوتەکانیدا سەرۆکی مەهەپە باسی لەوەکرد: "ویستیان ژەهر وەک ئاوی زەمزەم بدەن بۆ خواردنەوە. بۆ ئەوەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و کوردەکان وەک دووژمن نیشان بدەن، پڕوپاگەندەیەکی خیانەتکارانەی ناوخۆیی و دەرەکییان درێژە پێدا و گەشیان کردەوە."
 
"سەرەڕای ئەوەی هیچ کات بە چاوێکی چەوت لە برا کوردەکانمان نەڕوانیوە. هیچ کات ئەوانمان وەک 'ئەوانی دیکە' و کێشە نەبینیوە. هەمیشە بە مێرخاسی پاراستوومانە کە پێکەوە نەتەوەی تورکین. پێشمەرگەی هەولێر ناتوانێت لە من زیاتر خاوەندارێتیتان بکات. قەدەری تورک و کورد پێکەوە نووسراوە." دەولەت باخچەلی وا دەڵێت.